پەرەگراف- زیاتر لە 24 کاتژمێرە نزار ئامێدی بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردراوەو لە ناوخۆو وڵاتانی دەرەوە پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستە کرا، بەڵام سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزباییان لێ نەکردووە.
ئەو هەڵوێستەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پارتی لەکاتێکدایە، پۆستەکانیان فەرمییەو نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکەن، بەڵام هاوشانی حیزبەکەیان کە پارتی دیموکراتە هەڵوێستیان وەرگرتووە لە دژی نزار ئامێدی.
نزار ئامێدی کاندیدی یەکێتی دوای ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆککۆمار توانی بە هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق پۆستەکە بباتەوە، پارتی بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کردو دەنگی پێ نەدا.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی بڵاو کردەوەو وتی، "بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەین."
مەکتەبی سیاسی پارتی ڕەخنەی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار گرت و وتی، پڕۆسەکە بەشێوەیەک بەڕێوەچوو کە "لە دەرەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەسەنکراوى ئەنجوومەنەکە بوو، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەران بێ گوێدانە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن بەرنامەى کۆبوونەوەى دیاریکردبوو کە ئەمەش پێشێلکردنى یاسایە".
"هەروەها ئەو کاندیدەى کە دیاریکرابوو بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لە دەرەوەى ئالیەتى کوردستانى بوو، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقى گەلى کوردستانە نەک حزبێک بەڵام ئەم کاندیدە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێک دیاریکرابوو و چەند لایەنێکى پێکهاتەکانى دیکەى عێراق پەسەندیان کردووە!" مەکتەبی سیاسی پارتی وای وت.
هاوکات پارتی بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، هەردوو فڕاکسۆنەکەی لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکومەتى فیدراڵى عێراق گەڕاندەوە بۆ هەرێمى کوردستان.