کۆتایى گەڕێکى دیکەى دانوستانەکان بەبێ ڕێککەوتن؛ ناکۆکییەکانى واشنتن و تاران لەسەر چین؟

12-04-2026 11:39

پەرەگراف - گەڕێکى دیکەى دانوستانەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران بەبێ ڕێککەوتن کۆتایى هات. جێگرەکەى ترەمپ بەر لە گەڕانەوەى بۆ واشنتن، ڕایگەیاند "دوایین و باشترین پێشنیاز" ـى بۆ ئێرانییەکان جێشتووە. جگە لە دۆسیەى ئەتۆمى، ناکۆکى لەسەر بەڕێوەبردنى گەرووى هورمزیش بۆ ململانێکانى نێوان تاران و واشنتن زیاد بوو.

لە یەکەم کاردانەوەدا لەبارەى شکستى دانوستانەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، لینکى بابەتێکى لە تۆڕى تروس سۆشیاڵ بڵاو کردووەتەوە کە لە ماڵپەڕێکى هەواڵیدا بڵاو کراوەتەوە و ناونیشانەکەى دەڵێت "ئەگەر ئێران ڕازى نەبێت، ترەمپ کارتێکى دیکەى بردنەوەى هەیە: گەمارۆى دەریایى".

لەو بابەتە کە ترەمپ بڵاوى کردووەتەوە، هاتووە "ترەمپ بەر لە دەستگیرکردنى مادۆرۆ، سوودى لە گەمارۆى دەریایى بۆ لاوازکردنى ڤەنزیۆلا وەرگرتووە. ڕەنگە ترەمپ دووبارە سوود لەم ستراتیژیەتە وەربگرێت بۆ خنکاندنى ئابووریى لەرزۆکى ئێران".

بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢-٠٤-٢٠٢٦، جەى دى ڤانس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا و سەرۆکى شاندنى ئەو وڵاتە، لە کۆنگرەیەکى کورتى ڕۆژنامەوانیدا کۆتاییهاتنى زنجیرە کۆبوونەوەکانى ئەم گەڕەى دانوستانەکانى لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند کە "٢١ کاتژمێر" ـى خایاند.

ڤانس بەر لە جێهێشتنى ئیسلامئابادى پایتەختى پاکستان، وتى "گفتوگۆى جیددى و بنەڕەتیمان لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجام دا، ئەمە هەواڵە ئەرێنییەکەیە، بەڵام هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە نەگەیشتینە هیچ ڕێککەوتنێک".

سەرۆکى شاندى ئەمریکا، ئەنجامى نەرێنیى دانوستانەکانى بە "زۆر خراپتر بۆ ئێران وەک لە ئەمریکا" وەسف کرد و وتیشى "زۆر بە ڕوونى هێڵە سوورەکانمان دیار کرد. ئاماژەمان بەوە کرد کە نەرمى لە چ شتێکدا دەنوێنین و سازش لەسەر چ شتێک ناکەین. هەموو شتێکمان بە ڕوونى باس کرد، بەڵام ئەوان بڕیاریان دا مەرجەکانمان قبووڵ نەکەن".

جێگرەکەى دۆناڵد ترەمپ ڕایشیگەیاند، بە "جێهێشتنى پێشنیازێکى زۆر سادە" ئیسلامئاباد جێدەهێڵێت و جەختى کردەوە "دەبێت لەوە تێبگەن کە ئەمە دوایین و باشترین پێشنیاز". وتیشى "چاوەڕىَ دەکەین بزانین ئێرانییەکان قبووڵى دەکەن یان نا".

لە دواى قسەکانى جەى دى ڤانس، ئێرانیش کاردانەوەى فەرمیى نیشان دا و ئیسماعیل بەقایى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران، ڕایگەیاند "لە هەندێک بابەتدا لەگەڵ شاندنى ئەمریکا گەیشتینە ڕێککەوتن، بەڵام لەسەر دوو تا سىَ بابەت تێڕوانینمان جیاواز بوو و لەسەریان نەگەیشتینە ڕێککەوتن".

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران کە ئەندامى شاندى وڵاتەکەى بوو، ئاماژەى بەوە کرد کە "٢٤ تا ٢٥ کۆبوونەوەى ناڕاستەوخۆ" یان بە نێوەندگیریى پاکستان لەگەڵ شاندى ئەمریکا ئەنجام داوە، بەڵام نەیشاردەوە کە گفتوگۆکان لە دواى ٤٠ ڕۆژ جەنگ و لە کەشێکى "بەدگومانى" ـدا بەڕێوە چوون، بۆیە شاندەکەیان چاوەڕوانى ئەوە نەبووە لە یەک گەڕى دانوستاندا بگەنە ڕێککەوتن.

ناکۆکییەکان لەسەر چین؟

هیچ کام لە شاندەکانى ئەمریکا و ئێران بە ڕوونى خاڵەکانى جێى ناکۆکیى نەخستە ڕوو، بەڵام بەپێى لێدوانى بەرپرسان و میدیاى هەردوو لا، بەلاى کەمەوە دوو خاڵى سەرەکی جێگاى ناکۆکى بوون و لەسەرى ڕێک نەکەوتوون.

١- دۆسیەى ئەتۆمى: خاڵى دەستپێکى ناکۆکییەکانى نێوان ئێران و ئەمریکایە، تا ئێستا لەسەرى نەگەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنى هاوبەش. واشنتن جەخت لە داخستنى ئەو مەلەفە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە دەکاتەوە، بەڵام تاران پیتاندنى یۆرانیۆم بۆ مەبەستى ئاشتیئامێز، بە مافى خۆى ناو دەبات.

جەى دیى ڤانس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەى دواى دانوستانەکانى وتى "ئێمە دەبێت پابەندییەى ڕوون لە ئێرانەوە ببینین کە هەوڵى بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى نادات و بەدواى ئەو ئامرازانەشدا ناگەڕێن کە دەرفەتی دەستڕاگەیشتنی خێرا بەو جۆرە چەکە دەڕەخسێنن".

ڤانس ئەو مەرجەى بە "ئامانجى سەرەکى" ـى دۆناڵ ترەمپ ناو برد و وتى "ئێمە تا ئێستا شتێکى لەو شێوەیەمان لە ئێران بەدى نەکردووە و هیوادارین بیبینین".

ماڵپەڕى هەواڵیى ئەکسیۆسى ئەمریکى لە زارى سەرچاوەکانەوە بڵاوى کردەوە، ئێران بە مەرجى "ڕادەستکردنى یۆرانیۆمى پیتێنراو و وازهێنان لە پیتاندنى نوىَ" ڕازى نەبووە.

٢- گەرووى هورمز: دواى جەنگى ٤٠ ڕۆژەى نێوان ئەمریکا و ئێران، گەرووى هورمز بوو بە خاڵێکى نوێى و سەرەکیى ناکۆکییەکانى نێوان تاران و واشنتن. لەسەر چۆنێتیى بەڕێوەبردنى ئەو گەرووە کە ٢٠%ـى نەوتى جیهانى لێوە هەناردە دەکرێت، بۆچوونى جیاوازیان هەیە.

بەپێى میدیاى ئەمریکى، ئێران سوورە لەسەر کۆنترۆڵى خۆى بەسەر گەرووەکەدا، بەڵام ئەمریکا پێشنیازى بەڕێوەبردنى هاوبەشى کردووە.

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێرانیش نەیشاردەوە کە زیادبوونى پرسى گەرووى هورمز بۆ ناکۆکییەکان، دانوستانەکانى "ئاڵۆزتر" کردووە.