بافڵ تاڵەبانى: د. فوئاد دەیتوانى دەنگى زۆر زیاتر بەدەست بهێنێت، بەڵام لەبەر یەکڕیزیى کورد بەو جۆرە سیاسەتى کرد
بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانى، دواى یەکلابوونەوەى پۆستى سەرۆککۆمار بۆ کانیدى حیزبەکەى، سوپاسى د. فوئاد حسێن، کاندیدى پارتى دیموکراتى بۆ ئەو پۆستە کرد و وتى "دڵنیام دەیتوانى دەنگى زۆر زیاتر بەدەست بهێنێت، بەڵام خۆى دەیزانى کە ڕەنگە دروستتر بێت لەبەر ڕاگرتنى هاوسەنگى، ئەم پۆستە بۆ یەکێتى بێت".
سەرۆکى یەکێتى وەسفى فوئاد حسێنى کرد بە "پیاوێکى بەڕێز کە ٥٠ ساڵە خەبات بۆ یەکڕیزیى گەلى کورد و بەرەوپێشبردنى عێراق" دەکات.
تاڵەبانى جەختى کردەوە کە "دڵنیام د. فوئاد دەیتوانى زۆر زیاتر خۆى ماندوو بکات و دەنگێکى زۆر زۆر زیاتر بەدەست بهێنێت، بەڵام بۆ یەکڕیزیى میللەت و یەکڕیزیى کورد، بۆ ئەوەى پرۆسەکە بىَ سەرئێشە و بىَ کێشە بچێتە پێشەوە، بەو جۆرە سیاسەتى کرد".
لە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى عێراقدا کە ئەمڕۆ شەممە 11-04-2026 لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، نزار محەمەد سەعید محەمەد، ناسراو بە نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەسایەتیی نزیک لە بنەماڵەی تاڵەبانی، دوای بەدەستهێنانی ٢٢٧ دەنگ لە گەڕی دووەمی دەنگدانی پەرلەماندا، بە سەرۆککۆماری نوێى عێراق هەڵبژێردرا.
ڕکابەری کاندیدەکەی یەکێتی کە موسەننا ئەمین، کاندیدی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی، ڕەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی دادگەری بوو، تەنیا 15 دەنگی بەدەست هێنا و حەوت دەنگی پووچەڵیش هەبوو.
ئەم دەنگدانە دوای ئەوە هات کە لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی ٢٢٠ دەنگی پێویست (زۆرینەی دوو لەسەر سێ) بۆ بردنەوەى پۆستەکە بەدەست بهێنن. لەو گەڕەدا ئامێدی بە ٢٠٨ دەنگ لە پێشەوە بوو، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی ڕێژەی یاسایی بۆ سەرکەوتنی ڕاستەوخۆ، دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم کە تێیدا سەرکەوتن بە زۆرینەی سادە یەکلایی دەکرایەوە.
دانیشتنەکەی پەرلەمان لەژێر سێبەری بایکۆتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەڕێوە چوو، ئەمەش نیشاندەری قووڵیی ناکۆکییە سیاسییەکان بوو. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەى پێشووى عێراق، نەیتوانی بۆ گەڕی دووەمی دەنگدانەکە سەربکەوێت.
لە گەڕی یەکلاکەرەوەدا، ئامێدی توانیی پشتگیریی پێویست بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار مسۆگەر بکات، ئەمەش وەک سەرکەوتنێکی دیکەى گرنگ بۆ یەکێتی لە ڕکابەرییە لەمێژینەکەی لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو پۆستە، هەژمار دەکرێت.
نزار ئامێدی کە تەمەنی ٥٨ ساڵە، چەندین پۆستی باڵای لە دەسەڵاتى سیاسیی عێراقدا هەبووە، لەوانە ڕاوێژکاری باڵای سەرۆککۆمارە پێشووەکان (جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح)، هەروەها لە ساڵانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٤ وەزیری ژینگەی عێراق بووە.
هەڵبژاردنی ناوبراو لە کاتێکدایە کە لایەنە عێراقییەکان هێشتا لەناو دانوستانەکاندان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لەو نێوەندەشدا ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان و کێشە سیاسییە گشتییەکان بەردەوام کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە هەیە.