نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی لە گەڕی دووەمی دەنگدانی پەرلەماندا بە سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا

11-04-2026 03:47

پەرەگراف - نزار محەمەد سەعید محەمەد، ناسراو بە نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەسایەتیی نزیک لە بنەماڵەی تاڵەبانی، دوای بەدەستهێنانی ٢٢٧ دەنگ لە گەڕی دووەمی دەنگدانی پەرلەماندا، بە سەرۆککۆماری نوێى عێراق هەڵبژێردرا.

لە هەڵبژاردنەکەدا کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 11-04-2026 لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، ڕکابەری کاندیدەکەی یەکێتی کە موسەننا ئەمین، کاندیدی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی، ڕەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی دادگەری بوو، تەنیا 15 دەنگی بەدەست هێنا و حەوت دەنگی پووچەڵیش هەبوو.

ئەم دەنگدانە دوای ئەوە هات کە لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی ٢٢٠ دەنگی پێویست (زۆرینەی دوو لەسەر سێ) بۆ بردنەوەى پۆستەکە بەدەست بهێنن. لەو گەڕەدا ئامێدی بە ٢٠٨ دەنگ لە پێشەوە بوو، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی ڕێژەی یاسایی بۆ سەرکەوتنی ڕاستەوخۆ، دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم کە تێیدا سەرکەوتن بە زۆرینەی سادە یەکلایی دەکرایەوە.

دانیشتنەکەی پەرلەمان لەژێر سێبەری بایکۆتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەڕێوە چوو، ئەمەش نیشاندەری قووڵیی ناکۆکییە سیاسییەکان بوو. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەى پێشووى عێراق، نەیتوانی بۆ گەڕی دووەمی دەنگدانەکە سەربکەوێت.

لە گەڕی یەکلاکەرەوەدا، ئامێدی توانیی پشتگیریی پێویست بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار مسۆگەر بکات، ئەمەش وەک سەرکەوتنێکی دیکەى گرنگ بۆ یەکێتی لە ڕکابەرییە لەمێژینەکەی لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو پۆستە، هەژمار دەکرێت.

نزار ئامێدی کە تەمەنی ٥٨ ساڵە، چەندین پۆستی باڵای لە دەسەڵاتى سیاسیی عێراقدا هەبووە، لەوانە ڕاوێژکاری باڵای سەرۆککۆمارە پێشووەکان (جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح)، هەروەها لە ساڵانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٤ وەزیری ژینگەی عێراق بووە.

هەڵبژاردنی ناوبراو لە کاتێکدایە کە لایەنە عێراقییەکان هێشتا لەناو دانوستانەکاندان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لەو نێوەندەشدا ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان و کێشە سیاسییە گشتییەکان بەردەوام کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە هەیە.