کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستی پێ کردو دکتۆر لەتیف ڕەشید لە کاندیدبوون بۆ سەرۆککۆمار کشایەوە

11-04-2026 12:24
 
پەرەگراف- کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد بە ئامادەبوونی ٢٢٣ پەرلەمانتار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارو دکتۆر لەتیف ڕەشید لە کاندیدبوون بۆ سەرۆککۆمار کشایەوە، پارتی دیموکرات و دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی بەشدارنین لە کۆبوونەوەکە.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو هێشتا ڕێککەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتی نییە کە دوو لایەنی سەرەکی کوردن و هەردولایان داوای پۆستەکە دەکەن، یەکێتیی نزار ئامێدی کاندید کردووە، پارتی فوئاد حسێنی کاندید کردووەو لە کێبڕکێدان.

لەگەڵ هەڵبژاردنیدا لە پەرلەمان، پێویستە سەرۆککۆمار کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان ڕابسپێرێت بۆ ئامادەکردنی کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام پێدەچێت ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیران دوابکەوێت تا شیعەکان دەگەنە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران.

لایەنە شیعەکان، کە باڵادەستن لە پەرلەماندا، لەسەر ئەوەی کێ پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت بە توندی دابەشبوون. ناکۆکییەکانیان دوای ئەوە زیاتر بوو کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کاندیدکردنی نوری مالیکی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕەتکردەوە بەهۆی نیگەرانییەکان لە پەیوەندییەکانی مالیکی لەگەڵ ئێران.

گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان پێویستی بە نیسابی یاسایی دوو لەسەر سێی ئەندامان (١٦٦ پەرلەمانتار) هەیە، و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش پێویستی بە لانیکەم ٢٢٠ دەنگ هەیە.