پەرەگراف- مەسعود بارزانی لە پەیامێکی هۆشداریئامێزدا بۆ لایەنە شیعەکان ڕایدەگەیەنێت، پێداگرییان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەکاتێکدا کە خۆیان بەردەوامن لە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران، "جێگەی قبووڵکردن نییە".
سەرۆکی پارتی دیموکرات لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 10-04-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، دەڵێت "پێداگریی هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر بەردەوامبوون لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە هاوکات هەندێکی تر بەردەوامن لە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران، جێگەی قبوڵکردن نییە".
بارزانی جەخت دەکاتەوە کە "هیچ بەرکەوتە و ئیستحقاقێکی دەستووری یەکلا ناکرێتەوە، تا ئەو پرسە هاوکات چارەسەر نەکرێت، بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادە بن".
هۆشدارییەکەی سەرۆکی پارتی لە کاتێکدایە کە بڕیارە کاتژمێر 11:00ـی بەیانیی سبەینێ شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەو.
پارتی دژی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەیە و داوای دەرفەتی زیاتر بۆ گەیشن بۆ کۆدەنگیی لەسەر کاندیدی سەرۆککۆمار دەکات، کە تا ئەم ساتە پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە لەسەر ئەو پرسە ڕێکبکەون.
هاوکات لایەنە شیعەکان لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆک نین. پاش ڕەتکردنەوەی نووری مالیکی لەلایەن ئەمریکاوە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی نوێ نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.