گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عێراق دەستى پێ کردووە و سبەینێش لە هەرێم دەست پىَ دەکاتەوە

09-04-2026 05:00

پەرەگراف - فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد ڕایگەیاند، دوای ڕاوەستانی گەشتەکان بۆ ماوەى زیاتر ٤٠ ڕۆژ، پێشوازیی لە یەکەم گەشتی ئاسمانى کردووە لە عەممانى پایتەختى ئوردنەوە کردووە. بەر لەو گەشتەش، هەر ئەمڕۆ یەکەم فڕۆکەى کۆمپانیاى فلاى دوبەى گەیشتە فڕۆکەخانەى بەسرە.

پاش ڕاگەیاندنى ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئێران، دوێنێ ٨ـى نیسان، ئاسمانى عێراق بە ڕووى گەشتەکاندا کرایەوە.

بڕیارە سبەینێ هەینى ١٠ـى ئەم مانگە گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانى عێراق دەست پێ بکەنەوە.

سەرەتا گەشتە ناوخۆییەکان لەنێوان فڕۆکەخانەى بەغدادى پایتەخت و فڕۆکەخانەکانى بەسرە، هەولێر و سلێمانى دەست پێ دەکاتەوە.

هاوکات خشتەیەک بۆ ژمارەیەک گەشتى نێودەوڵەتی دانراوە کە گەشتەکان لەنێوان عێراق و ئەستەمبووڵ، قاهیرە و عەممان لەخۆ دەگرێت.

کۆمپانى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراق داواى لە گەشتیاران کردووە بۆ ڕێکخستنى گەشتەکانیان و کڕینى تیکت، سەردانی نووسینگە فەرمییەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بکەن، یان سوود لە خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵیکەیشنی نۆرەگرتنى ئەلیکترۆنی وەربگرن بەمەبەستی جێگیرکردنی تیکتی گەشتەکانیان.