وەزارەتی دارایی: بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی ئازار نەنێردراوە

09-04-2026 03:54

پەرەگراف - وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتنی پارەی مووچەی مانگی سێی لە بەغداوە ڕاگەیاند و یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. هاوکات دەڵێت "بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی ئازار نەنێردراوە".

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ڕۆژی پێنجشەممە ٩ ـی نیسانی ٢٠٢٦، بڕی ٩٥٧ ملیار و ١٢٢ ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئازار، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".

وەزارەتی دارایی هەرێم دەشڵێت "بەهۆی ئەوەی پارەکە لە کۆتایی دەوامی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق داخڵی سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان بووە، وەرگرتنی پارە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە".

وەزارەتەکە ڕایدەگەیەنێت کە "ڕۆژی یەکشەممە ١٢ - ٠٤ - ٢٠٢٦، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".

بە قسەی وەزارەتی دارایی هەرێم، وەزارەتی دارایی عێراق "هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، بڕی ٢١ ملیار و ٤٠٧ ملیۆن و ٥٩٥ هەزار دیناری تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی".