کۆماندۆی ئەمەریکا چۆن گەیشتن بە فڕۆکەوانەکەو ڕزگاریان کرد لە قوڵایی خاکی ئێراندا؟

05-04-2026 10:04

پەرەگراف- دووەم فڕۆکەوانی ئەمەریکی کە فڕۆکە ئێف١٥کەیان ڕۆژی هەینی لەلایەن ئێرانەوە خرایەخوارەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی وردو پڕ مەترسیدا لەلایەن کۆماندۆی ئەمەریکاوە ڕزگارکرا پاش ئەوەی لەڕێی شەپۆلی ڕادیۆییەوە توانی پەیام بۆ کۆماندۆ بنێرێت.

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ڕزگاركردنی  فڕۆكەوانی دووەم یەكێك لە بوێرانەترین ئۆپراسیۆنەكان بووە لە مێژووی ئەمەریكادا، "لە چەند کاتژمێری رابردوودا سوپای ئەمەریکا یەکێک لە بوێرانەترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی لە مێژووی ئەمەریکادا ئەنجامدا بۆ هاوکاریکردنی یەکێک لە فڕۆکەوانە ناوازەكانمان کە عەقیدێکی زۆر بەڕێزە، بە خۆشحاڵییەوە پێتان رادەگەیەنم كە ئێستا سەلامەتە و تەندروستی باشە."

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، فڕۆکەوانەکە بریندار بووەو دەیان فڕۆکە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنیدا کردووە، "ئەمە یەکەمجارە لە بیرەوەری سەربازیدا دوو فڕۆکەوانی ئەمەریکی بە جیا لە قووڵایی خاکی دوژمن رزگار بکرێن. ئەفسەرە رزگارکراوەکە كە لە پشت هێڵەکانی دوژمنەوە بووە لە چیا سەختەكانی ئێران، هێزەکانی دوژمن بەدوایدا دەگەڕان و کاتژمێر لە دوای کاتژمێر لێی نزیك دەبونەوە. سەرکەوتنی هەردوو ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن لە ئێران جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کە  کۆنترۆڵی تەواوەتی ئاسمانی ئێرانمان كردووە".

لەگەڵ ئەو فڕۆکەوانەدا هێزەکانی ئەمەریکا فڕۆکەوانێکی دیکەشیان ڕزگار کردووە کە پێشتر میدیاکان بڵاویان کردبووەوە فڕۆکەکەی تێکشکێندراوە، بەڵام ئەمەریکا پشتڕاستی نەکردبووەوە بۆ پاراستنی سەلامەتیی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکەی.

بەپێی میدیاکانی ئەمەریکا، فڕۆکەوانی فڕۆکە ئێف ١٥کەی دوای پێکرانی فڕۆکەکەیان خۆی هەڵداوەتە خوارەوە، لەگەڵ ئەوەی برینداربووە بەڵام توانیویەتی بەپێ بڕوات و خۆی لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بشارێتەوە.

لە ماوەی نزیکەی ٤٨ کاتژمێری ڕووداوەکەدا فڕۆکەوانەکە لە چیایەک ماوەتەوە، بەپێی میدیای ئەمەریکی پێدەچێت لەو ماوەیەدا خەڵکی ناوچەکە هاوکارییان کردبێت و دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا(سی ئای ئەی) لەڕێی بریکارەکانی لە ناوچەی ڕووداوەکە ڕۆڵی هەبووبێت لە پاراستن و گەیاندنی هاوکاریی بە فڕۆکەوانەکە.

میدیای ئەمەریکی، ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین ئەرکەکانی مێژووی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان ناودەبات کە سەدان هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و دەیان فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر بەشداریی تێدا كردووە، فڕۆکەوانەکە سوودی لە ئامێرێکی ڕادیۆیی وەرگرتووە کە لە ڕێی شەپۆلەکانیەوە توانیویەتی پەیام بگەیەنێتە هێزەکانی کۆماندۆی ئەمەریکاو پاش شیکاریی و پشتڕاستکردنەوەی پەیامەکە، هێزە تایبەتەکان بەرەو شوێنی فڕۆکەوانەکە جوڵەیان کردووە، فڕۆکە ئەمەریکییەکان تەقەیان لە هێزێکی ئێران کردووە کە بەرەو شوێنی فڕۆکەوانەکە ڕۆیشتوون و دووریان خستوونەتەوە، پاشان دابەزیونەتەلای فڕۆکەوانەکەو لەکاتی گەڕانەوەیاندا دوو هێلیکۆپتەریان لەکارکەوتوون و داوای بەهاناوەچوونیان کردووە، سێ هیلیکۆپتەری دیکە بەهانایانەوەچوون و سەرجەمیان بە سەلامەتیی خاکی ئێرانیان بەجێهێشتووە.

ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکە هیچ کوژراو و بریندارێکی لە ڕیزەکانی ئەمەریکا لێ نەکەوتووەتەوەو ئەو دوو هێلیکۆپتەرەیشی لەکارکەوتوون، لەلایەن هێزەکەی ئەمەریکاوە تەقێندراونەتەوە بۆ ئەوەی نەکەونەدەست ئێران.