پەرەگراف - دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق درێژکردنەوەی داخستنی کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بە ڕووی هەموو گەشتەکانی هاتن و چوون و ترانزێت بۆ ماوەی هەفتەیەکی دیکە ڕاگەیاند، ئەمەش بەهۆی شەڕی ئەمەریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران و بەردەوامیی نیگەرانییە ئەمنییەکان.
بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتەکان لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٣ی نیسانی ٢٠٢٦ چووەتەبواری جێبەجێکردنەوە و تا کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی هەینی، ١٠ی نیسانی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت.
بەرپرسان ئەم ڕێکارەیان بە "کاتیی و خۆپارێزی" ناوبرد کە ئامانج لێی مسۆگەرکردنی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنییە لە نێوەندی ناسەقامگیرییە پەرەسەندووەکانی ناوچەکەدا.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیارەکە لەژێر پێداچوونەوەی بەردەوامدا دەبێت و ئەگەری گۆڕانکاری تێدا هەیە بەپێی گۆڕانی بارودۆخەکە. هەروەها کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر نوێکارییەکی دیکە ئاگادار دەکرێنەوە.
کایەی ئاسمانیی عێراق لە ٢٨ی شوباتەوە تا ڕادەیەکی زۆر داخراوە، ئەوەش لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە بووەتەهۆی دروستبوونی نیگەرانی و مەترسی لەسەر جووڵەی گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکان.