بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی سەرسەنگ و ئەتروش لە دهۆک ڕاگیران بەهۆی تەقینەوەوە

02-04-2026 10:17

پەرەگراف- کۆمپانیای شارامان ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی سەرسەنگ لە دهۆک ڕاگەیاند بەهۆی تەقینەوە لە کۆگایەکی کێڵگەکە.

تەقینەوەکە زیانی گیانیی نەبووەو وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی "ئەتروش"یش ڕاگیراوە کە لەو ناوچەیەوە نزیکە.

کۆمپانیاکە وردەکاریی ڕووداوەکەی نەخستووەتەڕوو، دەڵێت لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لە هەماهەنگیدایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکەو سەلامەتیی خەڵکی ناوچەکە.

ئەوە دووەم جارە کێڵگەی سەرسەنگ دەکرێتە ئامانج لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئەمەریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە ٥ی ئازاردا لە ڕێگەی درۆنەوە کۆگاکانی نەوتی کێڵگەکە کرانە ئامانج و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.