شاندی پارتی بۆ پرسی سەرۆککۆمار لەگەڵ سوودانی کۆبووەوەو ناکۆکییەکانی ناوماڵی کورد بەردەوامە
پەرەگراف- شاندێکی پارتی ماوەی دوو ڕۆژە لە بەغدایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییە شیعەکان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامداو تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە کە بڕیارە ١١ی ئەم مانگە پەرلەمان دانیشتنی لەبارەوە ئەنجام بدات.
پۆستی سەرۆک کۆمار کە بەپێی نەریتی سیاسی لە دوای ٢٠٠٣وە پشکی کوردە، هێشتا جێگەی مشتومڕە و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بەردەوامەو هیچ ڕێککەوتن و بەرەوپێشچوونێک لەوبارەیەوە نییە.
محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ لەگەڵ شاندەکەی پارتی کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی بونیادنان و گەشەپێدان.
نووسینگەی سوودانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی گشتی وڵات کرا و جەخت لە گرنگی پاراستنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان کرایەوە، هەروەها جەخت لە گرنگی بەردەوامی ڕاوێژو گفتوگۆ کردووە بۆ جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان، بەتایبەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
"دەبێت هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان، بەتایبەتی ئەو دانیشتنەی تەرخانکراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وڵات، بە شێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلەکەمان بێت لە سەرتاسەری وڵاتدا" نووسینگەی سوودانی وادەڵێت.
ئەم هەوڵە نوێیە بۆ ئەنجامدانی دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان هات لە ٣٠ی ئازار، تەوەری سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بوو کە ماوەیەکی زۆرە دواکەوتووە.
هێزە سیاسییە شیعەکان فشاریان بۆ سەر لایەنە کوردییەکان زیاد کردووە تاوەکو ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن و لەسەر یەک کاندید ڕێبکەون، پێشتر بەها ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی بونیادنان و گەشەپێدان وتی، ڕۆژی ٨ی نیسانیان وەک دوایین مۆڵەتی لایەنە کوردییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دیاریکراوە.
هاوکات مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، بە ئەنجامدانى کۆبوونەوەى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى عێراق لەم هەلومەرجەى ئێستادا، ڕازى نییە و لە ٢٨ی ئازاردا نامەیەکی ئاراستەى سەرکردەکانى شیعە و سوننە لە بەغداد کرد. سەرۆکى پارتى هۆشدارى دەدات کە "پەلەکردن یان سەپاندن، دەبێتە هۆی ئەنجامی پێچەوانە و دابەشبوونی قووڵتر".