ئاوات شێخ جەناب: باسی ١٢٠ ملیار دینارەکە لە عێراقیش نەماوە تا لە هەرێم هەبێت

30-03-2026 03:37

پەرەگراف - ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە "هەموو شتێک" یان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی سێ ڕەوانەی بەغداد کردووە.

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ڕووداو، سەبارەت بە ناردنی ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆ بۆ بەغداد، ئاوات شێخ جەناب وتی "باسی ١٢٠ ملیار دینارەکە لە عێراقیش نەماوە، تا لای ئێمە هەبێت".

قسەکەی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی بەهۆی جەنگی ناوچەکە ڕاگەیاندووە و تا ئێستا نەیتوانیوە ١٢٠ ملیار دینارەکە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی سێ بۆ حکومەتی فیدراڵی بنێرێت.

بەپێی قسەی ناوبراو، حکومەتی هەرێم مەرجەکانی دیکەی وەکوو ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و ڕادەستکردنی نەوتی جێبەجێ کردووە.

بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، داهاتی سەرجەم سێکتەرەکان لەوانەش دەروەزە سنووری و فڕۆکەخانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی کەمی کردووە، ئەوەش لە ئەنجامی ڕاگرتن و کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانی و جووڵە بازرگانییەکان.