پەرەگراف- لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکاندا، بڕیاردرا 11ی نیسان دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت.
ئەوە لەکاتێکدایە ناکۆکییەکانی ناو ماڵی کورد بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامەو هیچ ڕێککەوتنێک نییە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کە پشکی کوردە.
پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان رێکخست؛ بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی گرنگی تایبەت بە کاری ئەنجومەن، گرنگترینیشیان گفتوگۆکردن سەبارەت بە چەند یاسایەکی گرنگ کە دەخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی ئەنجومەن لە ماوەی داهاتوودا، لەگەڵ تەواوکردنی دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجومەن.
لە کۆبونەوەکە بەشێوەیەکی فراوان گفتوگۆ کرا سەبارەت بە دۆسێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و گرنگی هەنگاونان بۆ تەواوکردنی ئیستحقاقی دەستوری و کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی لەسایەی ئەو بارودۆخە ئەمنی و ئابوریەی کە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری دا ڕۆژی شەممە 11 نیسان دیاریبکرێت بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لەوبارەیەوە سەرۆکایەتی ئەنجومەن داوای لە سەرۆکی کوتلە سیاسیەکان کرد بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵگرن لە تەواوکردنی ئەو ئیستحقاقە دەستورییە و پێکهێنانی حکومەتێک کە لە توانایدابێت بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.