بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژبوو، بەنداوی دهۆکیش نزیکە لە سەرڕێژبوون

22-03-2026 06:34

پەرەگراف- چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی چڕی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوەو بەردەوامە، بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژبووەو دهۆک نزیکە لە سەرڕێژبوون.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکان، هاوکات ئاستی ئاوی بەنداوی دوکانیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٧ مەتر زیادی کردووە، دوکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانەو ٧ ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت.

دەربەندیخان دووەم گەورەترینەو توانای گلدانەوەی دوو ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی دهۆکیش ٥٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت.

تەواوی بەنداوە بچوکەکانی دیکەی هەرێم کە زیاتر لە ٢٠ بەنداون سەرڕێژ بوون.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی، شەپۆلی بارانبارین بەشێوەی جیاواز تاوەکو ١٠ ڕۆژی دیکە لە سەرتاسەری هەرێم بەردەوام دەبێت.