ترەمپ 48 سەعات بۆ ئێران دادەنێت؛ شەڕەکە بە کوێ دەگات؟

22-03-2026 10:31

پەرەگراف- دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی "لێدان و وێرانکردنی" وێستگەکانی کارەبای ئێرانی کرد "بە گەورەترینیان دەست پێ دەکات" ئەگەر تاران لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا گەرووی هورمز بە تەواوی و بێ هەڕەشە نەکاتەوە بە ڕووی کەشتییە نەوتییەکاندا؛ ئەمەش پەرەپێدانێکی توندی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیلە دژی ئێران کە ئەمڕۆ لە ٢٣ هەمین ڕۆژیدایە.

ئەم ئاگادارکردنەوەیە، ژێرخانی سەرەکیی وزەی ئێران دەخاتە چەقی ململانێکانەوە، کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری فراوانبوونی ئامانجەکان لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکەدا.

ئێران گەرووی هورمزی داخستووە، کە شاخوێنبەرێکی گرنگی گواستنەوەی نەوتی جیهانییە، ئەمەش نرخی نەوتی بۆ سەرووی ١١٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزکردەوە و بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی وزەی هەژاند.

وەک ئاماژەیەک بۆ ڕێگەپێدانی کۆنتڕۆڵکراو نەک کردنەوەی تەواوەتی، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی ڕایگەیاند کە کەشتییەکانی هەموو وڵاتان-جگە لەوانەی سەر بە وڵاتانی "دوژمنن"- دەتوانن بە گەرووەکەدا تێپەڕن، بەو مەرجەی هەماهەنگی بۆ ڕێکارە ئەمنی و سەلامەتییەکان بکەن.

لە وەڵامی هەڕشەکەی ترەمپدا، وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا دەڵێت: لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆسەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران، تەواوی ژێرخانی وزەو تەکنەلۆژیای زانیاریی و دامەزراوەكانی ئاوی خواردنەوەی پەیوەست بە ئەمەریکاو ئیسرائیل لەناوچەكە دەكەینە ئامانج.

ئەم ئاڵوگۆڕی هەڕەشانە جەخت لەسەر قووڵبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەک دەکات کە زیاتر سەرنجی لەسەر ژێرخانە ستراتیژییەکانە، کە لێکەوتەی بەرچاوی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانیی و سەقامگیری ناوچەیی دەبێت.