شەپۆلى بارانبارین بەردەوام دەبێت؛ ئەمساڵ زۆرترین بڕى باران لەکوێ باریوە؟

21-03-2026 01:23

پەرەگراف - بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسیى هەرێمى کوردستان، شەپۆلى بارانبارین بەردەوام دەبێت. لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى ڕابردوودا زۆرترین بڕى باران لە مێرگەسوور باریوە کە ٩٤ ملم بووە. لەسەر ئاستى سەنتەرى پارێزگاکان، ئەمساڵ شارى هەڵەبجە بە ٧٣٤ ملم زۆرترین بڕى بارانى لێ باریوە. بەشێوەیەکى گشتیش زۆرترین بڕى باران لە مێرگەسوورى هەولێر باریوە کە تا ئەمڕۆ ١٦٢١ ملم بووە.

بەڕێوەبەرایەتیى کەشناسى و بوومەلەرزەزانیى هەرێمى کوردستان پێشبینیى دەکات کە سبەى یەکشەممە سێیەم ڕۆژى جەژن، نمەباران و بارانى مامناوەند لە زۆربەى ناوچەکانى هەرێم بەردەوام بێت. دەشڵێت "لە دوانیوەڕۆ شەپۆلى بارانبارین زیاد دەکات و لە هەندێک ناوچە هەورەتریشقەى لەگەڵدا دەبێت".

شەپۆلى بارانبارینى ئەم جەژنە، لە ناوچە شاخاوى و سنوورییەکان بەرفریشى لەگەڵدا بوو. بەپێى وێنەیەک کە کەشناسیى هەرێم بڵاوى کردووەتەوە، لە مەرزى کێلێى ئیدارەى ڕاپەڕین لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى ڕابردوودا ١٩ ملم باران باریوە.