پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد؛ باسی مووچەی هەرێم و جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا)ـی تێدایە

18-03-2026 08:40
پەرەگراف - ئەنجوومەنی نوێنەران شەوی ڕابردوو بڕگەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوت و دۆزینەوەی دەروازەی تر بۆ هەناردەکردنی بۆ کۆبوونەوەکەی زیاد کرد. بە میوانداریی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و بریکاران و بەڕێوەبەرانی وەزارەتەکەی، تاوتوێی پرسەکەی کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەکەدا هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە "بۆ هیچ هەرێم یان پارێزگایەک نییە کۆنترۆڵی هەناردەکردنی نەوت بکات".
لە کۆبوونەوەکەدا هەشت بڕیار دەرکراون کە بەشێکیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە.
بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ژمارە 14ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق:
یەکەم: پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵ بە دۆزینەوەی دەروازەی فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق؛ بۆ دوورکەوتنەوە لەو کاریگەرییە ئابوورییانەی کە ئەگەری هەیە وڵات بگرێتەوە و کاریگەری بکاتە سەر بژێویی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران لە سەرانسەری عێراقدا.
دووەم: ئامادەیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەر بڕیارێک کە یارمەتی حکومەت بدات لە بەدیهێنانی ئەوەی لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە.
سێیەم: پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئیدارەی خۆی بەسەر سەرجەم سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردندا بسەپێنێت.
چوارەم: پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵ بە جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا - ASYCUDA) لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
پێنجەم: پێویستە لە ناو بەرنامەی حکومەتی داهاتوودا بێت کە یاسای نەوت و گاز لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەربچووێنرێت و بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگدان لەسەری.
شەشەم: پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵ بە دابینکردنی نەوتی ڕەش بۆ کارگە حکومییەکان و کەرتی تایبەت؛ بۆ دوورکەوتنەوە لە زیادبوونی کۆگاکراو لە پاڵاوگەکاندا و دەستەبەرکردنی بەردەوامی کارکردنی پاڵاوگەکان و ڕێگریکردن لەو کورتهێنانەی لە بەرهەمە نەوتییەکاندا ڕوو دەدات.
حەوتەم: پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵ بە نۆژەنکردنەوەی هێڵە عێراقییەکەی کە لە کەرکووکەوە بۆ ڕۆژئاوای مووسڵ - زوومار - فیشخاپوور بە ئاراستەی (جیهان) تێپەڕ دەبێت.
هەشتەم: پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵ بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی تری عێراق بە گشتی.