حەلبووسی: بەکارهێنانی زاراوەی (حکومەتی بەغدا) ڕەتکراوەیە و قبووڵ ناکرێت

18-03-2026 08:32
 
پەرەگراف- سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "بەکارهێنانی زاراوەی (حکومەتی بەغدا) لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، ڕەتکراوەیە و قبووڵ ناکرێت".
لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە تاوتوێی ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوت و دۆزینەوەی دەروازەی تر بۆ هەناردەکردنی کرا، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، ناڕەزایی بەرانبەر بەکارهێنانی زاراوەی "حکومەتی بەغدا" لەبری "حکومەتی فیدراڵ" دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە "ئەمە کارێکی ڕەتکراوەیە و قبووڵ ناکرێت".
هەیبەت حەلبووسی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناونیشان و زاراوەی دەستووریی ڕوون هەن کە بریتین لە "حکومەتی ناوەندیی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە هەموویان بەپێی دەستوور کار دەکەن".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای له حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە فەرمانگە ڕاگەیاندنەکانی هەرێم ڕابسپێرێت بۆ بەکارهێنانی زاراوە دەستووری و یاساییەکان لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی فیدراڵ لە بەغدا.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕاگەیەندراوێکدا حکومەتی فیدراڵیی عێراقی بە "حکومەتی بەغدا" ناو بردووە. هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکیدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە "حکومەتی هەولێر" ناو بردووە.