شاندی هەرێم: لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بە بۆریی هەرێمدا لەگەڵ بەغداد ڕێككەوتین
پەرەگراف - شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدای لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت "لە سبەینێوە"، ڕاگەیاند. دەشڵێت "نەوتی كەركووك لەگەڵ نەوتی هەرێم بە بۆریی نەوتی هەرێم – جەیهان هەناردە دەكرێت و داهاتەكەی بۆ گەنجینەی گشتیی فیدڕاڵ دەگەڕێتەوە".
شاندەكەی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا دەشڵێت "ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشمان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ ئەنجام دا و لەسەر گرتنەبەری ڕێكاری ئاسایشی بۆ پاراستنی سەلامەتیی كێڵگە نەوتییەكانیش ڕێككەوتین".
هەر ئەمشەو، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی كە ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی كە ئەركی هەموومانە كار بكەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارمان دا كە لە زووترین كات دا، ڕێگە بدەین نەوت لە ڕێگەی بۆڕی هەرێمی كوردستاندا بڕوات".
مەسروور بارزانی دەشڵێت "هاوكات لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ گفتوگۆكانمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بەپەلە ئەو ڕێگرییانەی خراوەتە سەر هاوردە و جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان، هەڵبگیرێن. هەروەها دابینكردنی گەرەنتی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت و گاز تا بتوانن بە سەلامەتی دەست بە بەرهەمهێنان بكەنەوە".
دواتر سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەنجامدانی پەیوەندییەی تەلەفۆنیی لەگەڵ تۆم باراك، نوێنەری ئەمریكا بۆ سووریا ڕاگەیاند و وتی "سڵاو و ڕێزی سەرۆك ترەمپی پێ گەیاندین و دەستخۆشیی لێكردین بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی فیدراڵ لەپێناو هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی توركیاوە".
مەسروور بارزانی دەڵێت "داواشمان لە ئەمریكا كرد كە بەردەوام بێت لە ڕۆڵی چاودێرانەی خۆی لە دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، لەبارەی پرسی گومرگ و ئابلوقەی بازرگانی".
وەزارەتی نەوتی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ڕاگەیەندراوێك وەڵامی بەیاننامەیەكی وەزارەتی سامانە سروشتيیەكانی حكومەتی هەرێمی دایەوە بە "بەیاننامەیەكی سیاسیی پەتی" ناوی برد كە "هەڵوێستی حیزبیی لە پشت بووە". وەزارەتەكەی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە "حكومەتی هەولێر" ناو برد و داوایشی لێ كرد لە هەڵوێستی خۆی بۆ "ڕێگریكردن" لە هەناردەكردنی نەوتی عێراق بە بۆرییەكەیدا، پاشەكشە بكات.
وەزارەتی نەوتی عێراق هۆرشداریشی دا كە "لە ئەگەری ڕەتكردنەوەی ڕێگەدان بە هەناردەكردنی نەوت، حكومەتی فیدراڵی هەموو ڕێكارە یاساییەكان دەگرێتە بەر".
هەر ئەمڕۆ، مەسروور بارزانی ڕەتی كردەوە كە ڕێگرییان لە هەناردەكردنی نەوت كردبێت و وتی "تەنیا داوای ئەوەمان كردووە گەرەنتی هەبێت بتوانین لە كێڵگەكانی خۆشمان نەوت بەرهەم بهێنین. بەداخەوە لەو ماوەی ڕابردوو بەهۆی بۆردومانكردنی كێڵگەكانی نەوت و غاز، بەرهەم وەستاوە و تا ڕادەیەك كەمی كردووە. داوامان لە حكومەتی فیدراڵی كردووە ئەم هێرشانە بوەستێت".
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە كە بۆرییەكەی هەرێم توانای هەناردەكردنی "زیاتر لە یەكملیۆن بەرمیل" نەوتی هەیە، بۆیە لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستادا كە گەرووی هورمز داخراوە، داوای كردووە بۆریی (كەركووك بۆ فیشخابوور بەرەو بەندەری جەیهان) بەشێوەیەكی كاتی بەكار بهێنرێت بۆ هەناردەكردنی بڕێك نەوت كە لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا تێپەڕ نەكات، ئەگەر نەوتی بەرهەمێنراوی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانیشی بۆ زیاد بكرێت، تێكڕای هەناردەكراو دەگاتە نزیكەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
"ئەم بڕە هەناردەكردنە دەتوانێت لە ڕێگەی جیاوازیی نرخە بەرزەكانی ئێستاوە، قورسایی ئەو تەنگژەیە كەم بكاتەوە كە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە دروست بووە"، وەزارەتی نەوت وا دەڵێت.
ڕاگەیاندراوێك لە شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت:
ئەمڕۆ، ١٧ی ئاداری ٢٠٢٦، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، تایبەت بە بابەتی هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی شەراكەتی دەستووریی و لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی، جەختی كردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی هەرێمی كوردستان بۆ گرتنەبەری هەر ڕێكار و هەنگاوێك كە ببێتە هۆی زیادكردنی داهاتی گەنجینەی گشتی و چارەسەری قەیرانی دارایی، بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای ناوچەكەدا، بە مەبەستی دابینكردنی مووچە و بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركووك، هاوتا لەگەڵ نەوتی كێڵگەكانی هەرێم، لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم – جەیهان.
بۆ ئەم مەبەستە، هەردوو حكومەت ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەكی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم پێكبهێنن، بۆ دەستپێكردنی هەنگاوە تەكنیكیی و كارگێڕییە پێویستەكان، بە مەبەستی دەستپێكردنی هەناردەكردنی نەوت لە سبەینێوە بۆ بازاڕە جیهانییەكان لە ڕێگەی بۆری هەرێم، لەگەڵ گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەكراو بۆ گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ.
هەروەها، هەردوو لا ڕێككەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێكارییە ئاسایشییە پێویستەكان بۆ پاراستنی سەلامەتی كێڵگە نەوتییەكان و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەكردنی نەوت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دووبارە جەخت دەكاتەوە كە درێغی ناكات لە گرتنەبەری هەر ڕێكارێكی پێویست بۆ هاوبەشیی و پشتیوانی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە داراییەكان لە سەرتاسەری عێراق، بە ئاڕاستەی دابینكردنی داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەكان و دابینكردنی مووچە، بژێوی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان.
شاندی دانووستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٧ـی ئازاری ٢٠٢٦