بافڵ تاڵەبانی: ئەو بڕیارانەی كاریگەرییان لەسەر چارەنووسی گەلەكەمان هەیە، نابێت ‏تاكلایەنە بدرێن

16-03-2026 09:15

پەرەگراف - لەبارەی ئەو ناكۆكییانەی لەسەر هەناردەكردنی نەوتی عێراق بە بۆریی هەرێم ‏هاتووەتە ئاراوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، دەڵێت "نابێت ئەو بڕیارانەی ‏كە كاریگەرییان لەسەر چارەنووس و ژیانی گەلەكەمان هەیە، بەشێوەیەكی تاكلایەنە ‏بدرێن".‏

سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا جەختیش دەكاتەوە كە "حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏حكومەتێكی بنكەفراوانە و دەبێت هەموو لایەنەكان بەگوێرەی ئەوە هەڵسوكەوت بكەن".‏

پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی ئەوەی لێ‌ دەخوێندرێتەوە كە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە ‏سروشتییەكان بەبێ‌ ڕەزامەندی و ئاگاداریی تیمی یەكێتی لە حكومەت، بڵاوكرابێتەوە. ئەو ‏ڕاگەیەندراوەی سامانە سروشتییەكان و ڕەتكردنەوەی ڕێگەدان بە هەناردەكردنی نەوتی ‏عێراق بە بۆریی هەرێمدا، نیگەرانیی شیعە و سوننەكانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.‏

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "ئێستا كاتی گرژی و ئاڵۆزی، یان تۆماركردنی خاڵی سیاسی نییە. ‏خەڵكەكەمان شایەنی ئەوەیە كە ژیانێكی سەقامگیری هەبێت و لەكاتی خۆیدا مووچەكانیان ‏وەربگرن. ئێستا كاتی یەكڕیزییە لە بەرامبەر ئەو مەترسییە گەورانەی كە دەكرێت ‏تووشمان ببن".‏

‏"ئێمە پاڵپشتی لە دیالۆگی بنیاتنەرانە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە بەغداد و هەولێر دەكەین ‏بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق. لە هەمان كاتدا دڵنیاش بین كە ‏خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانمان هەرگیز نەخرێتە مەترسییەوە"، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی ‏وا دەڵێت.‏

بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی عێراق لە ئەنجامی داخستنی گەرووی هورمز، وەزارەتی ‏نەوتی عێراق هەوڵێكی دەست پێ‌ كردووە بۆ هەناردەكردنی 300 هەزار بەرمیل نەوتی ‏كەركووك بۆ بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستاندا بۆ بەندەی جەیهانی توركیا. ئەمریكاش ‏پاڵپشتی لەو بابەتە دەكات، بەڵام هەرێم مەرجی هەیە.‏

دوێنێ‌ وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم ڕەتی دەكاتەوە ڕۆژانە 300 ‏هەزار بەرمیل نەوتی دیكە جگە لەوەی خۆی هەناردەی دەكات، ڕەوانەی بەندەری جەیهانی ‏توركیا بكەن وەك قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانەی بەر داهاتی عێراق دەكەوێت.‏

پاش چەند كاتژمێرێك وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی وەزارەتی ‏نەوتی عێراقی دایەوە. وەزارەتەكە تۆمەتەكەی وەزارەتی نەوتی بە تەواوی ڕەت ‏نەكردەوە، بەڵام ئامادەیی بۆ دانوستان و ڕێككەوتن نیشان داوە. دەشڵێت ‏‏"وەزارەتی نەوتی عێراق هەموو ڕەهەندەكانی كێشەكەی باس كردووە و ‏بابەتەكەی شێواندووە. هەوڵی تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستانی بۆ ‏چەواشەكردنی ڕایگشتی داوە".

هەر ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان وەڵامێكی ‏توندی هەرێمی دایەوە و وتی "ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ‏سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانی ڕەت ‏دەكەینەوە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی بەغدا كراون، ‏هەنگاوێكی بێسوودن و هیچ خزمەتێك بە دۆزینەوەی ‏چارەسەری ڕاستەقینە بۆ قەیرانەكە ناكەن".‏

چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە چارەسەری ئەم ‏قەیرانە بە هەماهەنگی و هاوكاریی جددیی نێوان ‏حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كردووەتەوە و ‏دەشڵێت "داوا دەكەین بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ‏هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، ‏بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخرێتە پێشەوە".‏

هەر شیعەكان نین، تەنانەت سوننەكانیش لەوانە محەمەد حەلبووسی كە خاوەنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیی سوننەیە، دژی هەڵوێستەكەی هەرێم وەستاوەتەوە

هەر شەوی ڕابردوو پاش هەردوو ڕاگەیەندراوەكەی ‏وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە ‏سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی، ‏سەرۆكی پارتی دیموكرات، داوای لە حكومەتی هەرێم و ‏حكومەتی عێراق كرد كۆببنەوە و كێشەكان چارەسەر ‏بكەن، ڕێگەش نەدەن "خەڵكی هەلپەرست" قەیرانەكان ‏قووڵتر بكەنەوە.‏