عێراق دەڵێت نەوتی کەرکوک هەناردەی تورکیا دەکەین بەبێ ئەوەی بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت
پەرەگراف- وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند پلانیان هەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا نەوتی کەرکوک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان هەبێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت دەڵێت، هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستیپێکردووە، هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق - تورکیا لە چاککردنەوەدایە کە توانای ئەو هێڵە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا.
ئەو هێڵە بۆرییە کۆنەکەی عێراقە کە نەوتی کەرکوک بۆ تورکیا هەناردە دەکات و ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانی زۆری بەرکەوت و لە چەندین شوێن تەقێندرایەوە، بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق، ئێستا تەنها ١٠٠ کیلۆمەتری هێڵەکە ماوە پشکنینی بۆ بکرێت کە لە هەفتەیەکدا دەکرێت، دوای پشکنین دەتواندرێت نەوتی کەرکوک بەو هێڵەدا راستەوخۆ هەناردە بکرێت بەبێ تێپەڕین بە هەرێمی کوردستان.
ئەوە لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان داواکارییەکی عێراقی ڕەتکردەوە کە ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بە بۆرییەکەی هەناردەی تورکیا بکات بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە کورتهێنانی هەناردەی نەوت بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەکردن لە گەروی هورمزەوە کە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر داهاتی عێراق دەبێت.
حکومەتی هەرێم چەند مەرجێکی خستەبەردەم بەغداد کە پەیوەندییان بە مووچەو دۆخی ئابوری و گومرگەوە هەیە، بەڵام بەغداد ڕەتیکردەوە بچێتەژێرباری ئەو مەرجانە لە بەرامبەر بە کارهێنانی بۆرییەکەی هەرێم.