خەمە بێ کۆتاییەکەی هەڵەبجە؛ ئەمڕۆ یادی ٣٨ ساڵەی کیمیاییبارانەکەیە

16-03-2026 10:30

پەرەگراف- سی و هەشت ساڵ دوای هێرشی کیمیایی بۆ سەر هەڵەبجە، ئازاری ئەو ڕۆژە هێشتا لە ناو شارەکە و لە دڵی خەڵکەکەیدا دەنگ دەداتەوە.

لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی دیکتاتۆری پێشووی عێراق، سەدام حسێن، هێرشێکی کیمیایی کردە سەر شاری هەڵەبجە. کیمیایی بەسەر شارەکەدا باری و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی مەدەنی شەهید کرد. هەزاران کەسی دیکە بریندار بوون یان ناچار بوون هەڵبێن، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

بەڵام لەودیو گۆڕەکان و شوێنەواری برینی ڕزگاربووەکانەوە، تراژیدیایەکی دیکە هەیە کە هێشتا چارەسەر نەکراوە: ئەویش چارەنووسی منداڵە ونبووەکان.

پەرەگراف لە ڕاپۆرتێکی پێشتریدا ئەوەی خستەڕوو، نزیکەی ٧٥ خێزان هێشتا بەدوای کوڕ و کچەکانیاندا دەگەڕێن، زیاتر لە ٢٠٠ منداڵی هەڵەبجە هێشتا بێسەروشوێنن. کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاییبارانی هەڵەبجە دەڵێت، دوای چەندین ساڵ لە لێکۆڵینەوە، تەنها هەشت منداڵ شادبوونەتەوە بە خێزانەکانیان. پێنج کەسی دیکە هاتوونەتە پێشەوە بەو بڕوایەی کە ڕەنگە ڕزگاربووی شارەکە بن، بەڵام دۆسیەکانیان هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.

هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا، هەڵەبجە شیوەن بۆ کۆچکردووەکانی دەگێڕێت. بەڵام بۆ خێزانی ونبووەکان، ئەم ساڵیادە تەنها ڕۆژێک نییە بۆ یادکردنەوە، بەڵکو کولانەوەی برینەکانە و هیوایەکی بێدەنگە کە لە شوێنێک، ئەو منداڵانەی دەیان ساڵ لەمەوبەر ون بوون، بدۆزرێنەوە.