ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران ئاسایی دەبێتەوە؛ پەروێزخانیش کرایەوەو تەنها حاجی ئۆمەران ماوە
پەرەگراف — چەند دەروازەیەکی سنوریی سەرەکی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، دوای ماوەیەک لە داخران بەهۆی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، دەستیان بە کردنەوە کردەوە، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستپێبکاتەوە.
یەکێتی هاوردەو هەناردەکاران ڕایگەیاند، دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی، لە ڕۆژی ١١ی ئازاردا کرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتریش مەرزەکانی شوشمێ و سەیرانبەن کرانەوە.
بەوتەی یەکێتی هەناردە و هاوردەکاران، لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەیدا نزیکەی ٢٠٠ بارهەڵگر لە ڕێگەی مەرزى پەروێزخانەوە هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی چالاکی و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان.
مەرزەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی هەڵپەساردنی زۆربەی خاڵە سنوورییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، بە تەواوی داخرابوون. لە ماوەی داخرانەکەدا، تەنها مەرزى باشماخ لە پارێزگای سلێمانی وەک تەنها ڕێگەی کارا لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا مابووەوە.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی باشماخەوە بە شێوەیەکی جێگیر بەردەوام بوو. تەنها لە ڕۆژی ١١ی ئازاردا، نزیکەی ٦٠٠ بارهەڵگر لەو مەرزەوە هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان، کە چەندین باری ترانزێتیان تێدابووە و لە وڵاتانی تاجیکستان، ئەرمینیا و ناوچەی قەوقازەوە هاتبوون.
زۆربەی بارە ترانزێتەکان پێکهاتبوون لە ماددەی خۆراکی، بەتایبەتی برنج، کە بەرهەمێکی سەرەکییە و زۆرجار لە ڕێگەی ڕێڕەوە بازرگانییەکانی ناوچەکەوە دەگوازرێتەوە.
یەکێتیی هەناردە و هاوردەکاران، دەڵێت، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی هەموو خاڵە سنوورییەکان دەکەن و هەماهەنگی ڕۆژانەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
یەکێتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت مەرزى حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، کە دەروازەیەکی تری سەرەکی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بکرێتەوە.
بازرگانی لەگەڵ ئێران بەشێکی گرنگی ئابووری هەرێمی کوردستانە و لە بارودۆخی ئاساییدا هەفتانە هەزاران بارهەڵگر بە سنوورەکاندا تێدەپەڕن. بەرپرسان و گروپە بازرگانییەکان دەڵێن کردنەوەی مەرزەکان دەبێتە هۆی جێگیربوونی دابینکردن و کەمکردنەوەی فشار لەسەر بازاڕە ناوخۆییەکان دوای چەند ڕۆژێک لە پەککەوتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
سەرەڕای کردنەوەی هەندێک لە مەرزەکان، گرژییەکانی ناوچەکە هێشتا سێبەری نادڵنیاییان خستووەتە سەر ڕێڕەوە بازرگانییەکان و هاتوچۆی سنووریی، بەو هۆیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان و بازرگانان بە وریاییەوە چاودێری گۆڕانکارییەکان دەکەن، لەکاتێکدا جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران پێدەنێتە ١٣هەمین ڕۆژی خۆی و هیچ کۆتاییەکی ڕوون دیار نییە.