پەرەگراف - دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت کە بیر لەوە ناکەنەوە کە کوردەکان بچنە ناوەوە بۆ ئێران و بەشداریی شەڕەکە بکەن". جەختیش دەکاتەوە کە "ئەوەم ڕەتکردووەتەوە".
سەرۆکی ئەمریکا نایشارێتەوە کە نایەوێت شەڕەکە لەمەی ئێستا کە هەیە "ئاڵۆزتر" بکەن و دەشڵێت "نامەوێت کوردەکان بچنە ناوەوە. نامەوێت ببینم کوردەکان زیانیان پێ بگات یان بکوژرێن".
ئەم قسانەی سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا هات.
پەرەگراف دەقی پرسیار و وەڵامەکان بڵاو دەکاتەوە:
- ڕۆژنامەنووس: هەندێک لە ئێرانییەکان نیگەرانن لەوەی کە کوردەکان جۆرێک لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی بۆ خۆیان دروست بکەن، هەروەک چۆن لە سووریا و عێراق کردیان؟
+ دۆناڵد ترەمپ: ئێمە بەدوای ئەوەدا نیین کە کوردەکان بچنە ناوەوە (بەشداریی شەڕەکە بکەن). وەک دەزانن ئێمە پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەمان لەگەڵ کورد هەیە، بەڵام نامانەوێت شەڕەکە لەوەی کە هەیە، ئاڵۆزتر بکەین.
- ڕۆژنامەنووس: کەواتە ئەو ئەگەرەت ڕەتکردووەتەوە؟
+ دۆناڵد ترەمپ: بەڵێ، ڕەتم کردووەتەوە. نامەوێت کوردەکان بچنە ناوەوە. نامەوێت ببینم کوردەکان زیانیان پێ بگات یان بکوژرێن. پەیوەندییەکی باشمان هەبووە. ئەوان ئامادەن بچنە ناوەوە، بەڵام بەڕاستی من پێم وتوون کە نامەوێت بچنە ناوەوە. شەڕەکە بەبێ تێوەگلانی کوردەکانیش بەشی خۆی ئاڵۆزە.
- ڕۆژنامەنووس: ئایا پێت وایە دوای کۆتاییهاتنی ئەم دۆخە، نەخشەی ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە؟
+ دۆناڵد ترەمپ: ناتوانم پێت بڵێم. بەڵام پێدەچێت وەڵامەکە نەخێر بێت (واتە لەوە ناچێت وەک خۆی بمێنێتەوە).