پەرەگراف- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێرشی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە دهۆک و بەوهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگیرا.
ڕاگەیاندراوێك لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە
دوێنێ شەو لەلایەن گروپە لە یاسادەرچووەکان لە عێراق هێرشێكی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک کە لەلایەن کۆمپانیای ئێچ كەی ئێن HKN بەڕێوەدەچێت، كەلەئەنجامدا زیان بەر کێڵگەکە کەوتووەو بووتە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان تێیدا . وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وێڕای ئیدانەكردن و شەرمەزاركردنی ئەم هێرشە تیرۆرستییە كە ئامانج لێی ژێرخانی ئابووری و سامانی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەش لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە كە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتییەوە هێرش دەكرێت و زیان بە هەرێم و داهاتی سەرجەم عێراق دەگەیەنن، بۆیە داوا لەحكومەتی فیدراڵی عێراق دەكەین ڕێگری لە هێرشەكان بۆ سەر خەڵكی مەدەنی هەرێمی كوردستان و ژێرخانی ئابووری و كەرتی نەوت و غاز بكەن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
6ی ئاداری 2026