عێراقچی نیگەرانییەكانی دەربارەی مەترسییەكانی سەر سنوور لەگەڵ سەرۆكی هەرێم تاوتوێ‌ كرد

05-03-2026 03:39
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆكی هەرێمى کوردستان - عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران

پەرەگراف - وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە سەرۆكی هەرێم كردووە كە ڕێگری بكەن لەوەی "هەر لایەنێكی سێیەم كەڵكی خراپ لە سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران بۆ دروستكردنی نائەمنی وەربگرێت"، ئەمە بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمیش، هەردوولا داكۆكییان لە "پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان" كردووەتەوە، بەشێوەیەك كە "ڕێگری لە هەر هەوڵێك بكرێت بۆ تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە و ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخەكە".

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە 04-03-2026، لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەرێم و عێراق پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجام داوە و پەیامی وڵاتەكەی دەربارەی مەترسییەكانی سەر سنوور گەیاندووە. یەكێك لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە.

سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە ململانێكان و وەك هەمیشە فاكتەری ئارامی دەبێت". سەرۆكی هەرێم پشتگیریشی بۆ "هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی شەڕ لە گەلانی ناوچەكە"یش ڕاگەیاندووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەر هەمان ڕۆژ و بۆ هەمان پرس، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی قسەی كردووە.

ترسی ئێران لە بەكارهێنانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لە دژی، پاش ئەوە دێت كە سەرۆكی ئەمریكا باسی لە ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران كرد. دواتریش میدیای ئەمریكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی ترەمپ و سەركردە كوردەكانی ئاشكرا كرد. تەنانەت ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاوی كردەوە كە "ترەمپ ئامادەیە پاڵپشتیی گرووپە كوردییەكان بكات بۆ هەڵگرتنی چەك و ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران".

هاوكات هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە لەناو هەرێمی كوردستاندان، دوو هەفتەیە دەستیان بە جووڵە كردووە و پێكەوە هاوپەیمانێتییەكیان بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەگەری گۆڕانكارییەكان پێكهێناوە و بە ئاشكرا دەڵێن "ئامانجمان ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، "محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەختی لەوە كردەوە كە حكومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات لە سنوورەكانی عێراقەوە هیچ هەڕەشەیەك ئاراستەی كۆماری ئیسلامی بكرێت".

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، هەردوولا جەختیان لەسەر "بەهێزكردنی هەماهەنگی و هاوكاری بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنوورە هاوبەشەكان و ڕێگریكردن لە هەر هەوڵێكی دزەكردن".

هەر هەمان ڕۆژ، ئەعرەجی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە عەلی باقری، جێگری سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیشەوە پێ‌ گەیشتووە. باقری بە ئاشكرا داوای كردووە كە "عێراق ڕێكاری پێویست بگرێتە بەر بۆ ڕێگریكردن لە هەر گرووپێكی ئۆپۆزسیۆن كە سنوورەكانی نێوان هەردوو وڵات ببەزێنێت".

ئەعرەجی لە وەڵامدا بۆ باقری، سەرباری ئەوەی كە ڕایگەیاندووە سوودانی ڕێنمایی داوە بە "ڕێگەنەدان بە هیچ گرووپێك بۆ دزەكردنە ناو ئێران و ئەنجامدانی كاری تێرۆریستی"، وتووشیەتی "وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هێزی پشتیوانیی لە هێزەكانی پێشمەرگە بۆ سەر هێڵی سنووری ناردووە، بە ئامانجی بەهێزكردنی كۆنتڕۆڵی تەواوی سنوور".

پەیوەندییەكی دیكەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی بوو. هەرچەندە خودی تاڵەبانی و نووسینگە ڕۆژنامەوانییەكەی هیچ پەیام و ڕاگەیەندراوێكیان لەوبارەیەوە نەبوو، بەڵام میدیای حیزبەكە بڵاوی كردەوە كە "گفتوگۆ لەبارەی جەنگ"ـەوە كراوە و بافڵ تاڵەبانی جەختی لە "دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ كێشەكان" كردووەتەوە. وتووشیەتی "یەكێتی هەموو هەوڵەكانی لەو چوارچێوەیەدایە".

دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرای كرد كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا عەباس عێراقچی "ئاماژەی بە هەندێك جموجووڵی تیرۆریستی لە سنوورە هاوبەشەكاندا كردووە". جەختی لەسەر "پێویستیی بەهێزكردنی هاوكارییەكان" كردووەتەوە بۆ "پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان بەپێی ڕێككەوتنی ئەمنیی دوولایەنە".

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەو ڕێوشوێنانە كردووە كە بۆ "بەهێزكردنی ئاسایشی سنوورەكان" گیراونەتەبەر. جەختیشی لە "هاوكاری و هەماهەنگی بۆ ڕێگریكردن لە هەر جۆرە كردەوەیەكی تێكدەرانە و بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سنوورەكاندا" كردووەتەوە.

پێنج ڕۆژی تەواو بەسەر دەستپێكردنی هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێپەڕێوە. ڕۆژە بە ڕۆژ هێشەكان چڕتر دەبنەوە و سەدان بنكە و بارەگای سەربازی، ئەمنی و حكومیی ئێران بەئامانج گیراون. ماوەی دوو ڕۆژیشە پێگەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، زۆر بە چڕی لەژێر بۆردووماندان.