قوباد تاڵەبانی: هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەم جەنگە و بەشێك نابێت لێی

04-03-2026 03:11

پەرەگراف - پاش هێرشە درۆنییەكەی شەوی ڕابردوو، بڕیاری پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆن لە سلێمانی درا. قوباد تاڵەبانیش دەڵێت "هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەو جەنگە و لە داهاتووشدا بەشێك نابێت لێی".

بڕیارەكە لە كۆبوونەوەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی دراوە. بەمەبەستی دروستكردنی هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بە ئامانجی "پاراستنی ئاسایشی سەروماڵی هاووڵاتییان" لەم دۆخەدا كە هاتووەتە پێش.

قوباد تاڵەبانی جەخت دەكاتەوە كە "هەرێمی كوردستان بە تەواوی سەربەخۆیی و بێلایەنیی خۆی لەم جەنگەدا دەپارێزێت"، بەڵام وەكوو ئەو دەڵێت "بەو حاڵەشەوە هەرێمەكەمان لە دۆخێكی نائاساییدایە و پڕیشكی جەنگەكە بەر ئێمەش كەوتووە".

"بە پێویست زانرا تا ئاساییوونەوەی دۆخەكە، هاووڵاتییان دوور بكەنەوە لە قەرەباڵخی و كۆبوونەوەی ناپێویست. سەبارەت بە كێشەی كارەباش، بڕیاردرا بە زوویی كێشەی مۆلیدە ئەهلییەكان چارەسەر بكرێت بۆ ئەوەی ڕۆژانە كارەبای پێویست بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت"، قوباد تاڵەبانی وا دەڵَێت.

شەوى ڕابردوو ٠٣-٠٣-٢٠٢٦، دەنگى تەقینەوەیەکى بەهێز لە گردی ڕیعایەى شارى سلێمانی بیسترا و دووکەڵ لە شوێنى ڕووداوەکە بەرز بووەوە. لەو شوێنە بارەگاى پێشووى (UN) هەیە.

دواتر دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ڕووداوەکە "هێرشى درۆنى بووە و هیچ زیانێكی مرۆیی نەبووە". وتیشى "لێكۆڵێنەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە".