پەرەگراف- میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی جەنگ و پێشهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە کرا.
بافڵ تاڵەبانی جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی، یەکێتی هەموو هەوڵەکانی لەو چوارچێوەیەدایە.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی بافڵ تاڵەبانی کرد لە بەرامبەر رۆڵ و کاریگەری لە پاراستنی سەقامگیریی عیراق و هەرێمی کوردستان و بە رێزەوە لە پێگەی ئاشتییانەی یەکێتی لە ناوچەکە رووانی و رایگەیاند کە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین.