كارەبای 24 كاتژمێری نەما و موەلیدەكان لەسەر شانی خەڵك هەڵدەكرێنەوە

03-03-2026 12:07

پەرەگراف - قائیمقامیەتی سلێمانی و موەلیدە ئەهلییەكان ڕێككەوتن. لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ‏موەلیدەكان دەكەونەوە كار و حكومەت بەرپرسیارێتیی ماددیی كرێی موەلیدەكان لە ئەستۆ ‏ناگرێت، دەبێت هاووڵاتیان خۆیان هاوشێوەی پێشوو پارەكەی بدەن.‏

دوای كەوتنەكاری پرۆژەی ڕووناكی و دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری لەلایەن حكومەتی ‏هەرێمەوە، بڕیار بوو بە هەر هۆكارێك پچڕانی كارەبا ڕووی دا، حكومەت خۆی جێگرەوەی بۆ دابنێ‌ ‏و تێچووە ماددییەكەشی لەئەستۆ بگرێت، بەڵام ئێستا حكومەت بێدەنگە.‏

فازڵ عومەر، قائیمقامی بەوەكالەتی سلێمانی، دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند "لە ئێوارەی ‏ئەمڕۆوە موەلیدە ئەهلییەكان دەست بە كار دەكەنەوە. كارەبای موەلیدە لە كاتژمێر 04:00ـی ‏ئێوارە بۆ 01:00ـی شەو، هەروەها كاتژمێر 04:00 بۆ 05:30ـی بەیانی هەڵدەكرێت"‏

وەكوو قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی پێ‌ كرد، پارەی كارەبای موەلیدەكان لە ئەستۆی هاووڵاتی خۆیدا ‏دەبێت و هەر بەگوێرەی میكانیزمەكانی ڕابردوو دیاری دەكرێن. دەبێت هاووڵاتیی ڕاستەوخۆ ‏پارەكە بدات و حكومەت هیچ بەرپرسیارێتییەكی ماددی لە ئەستۆ ناگرێت.‏

‏"بۆ ئەوەی ئەم كێشانە دووبارە نەبێتەوە لە كاتی بڕانی كارەبادا، ئەم كۆبوونەوانە بەكراوەیی ‏دەهێڵینەوە، بۆ ئەوەی هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی بە هەر هۆكارێك بڕا، موەلیدە ئەهلییەكان ‏كاری خۆیان بكەن"، فازڵ عومەر وای وت.‏

قائیمقامی بەوەكالەتی سلێمانی داوای لەو هاووڵاتیانە كرد كە نایانەوێت كارەبای موەلیدەیان بۆ بۆ ‏هەڵبكرێت، پێشوەختە خاوەنی موەلیدەكان ئاگادار بكەنەوە.‏