هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران یەکەم ڕاگەیەندراوى بڵاو کردەوە

02-03-2026 09:42

پەرەگراف - هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە یەکەم ‏ڕاگەیەنداویدا پێشهاتەکانی ئێستای ئێران بە "دوادەرفەت" ناو دەبات و داوا لە هێزە ‏چەکدارەکانی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات "ڕیزی خۆیان لە پاشماوەکانی ‏کۆماری ئیسلامی جیا بکەنەوە". دەشڵێت "لە ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکدا، ‏پێویستە سەرجەم بنکە و دامودەزگا ئیدارییەکان بپارێزرێن".‏

هاوپەیمانێتییەکە کە ڕۆژى یەکشەممە ٢٢-٠٢-٢٠٢٦، پاش کۆبوونەوەی ‏سەرکردەکانیان، لەلایەن (پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، ‏حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و ‏کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)ـەوە ڕاگەیەندرا، یەکەم ئامانجى خۆى بە ‏خەباتکردن بۆ "ڕووخاندنى کۆمارى ئیسلامیى ئێران" ناو بردووە.‏

ڕاگەیەندراوی ژمارە ١:‏

لە بەردەم چارەنووسسازترین ڕۆژەکانی خۆمانداین

خەڵکی خەباتکار و مافخوازی کوردستان!‏

لە ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەشەمەوە ڕەوتی ڕووداوەکان لە ئێران بەرەو ئاڵوگۆڕێکی ‏قووڵ و بنەڕەتی دەچن. ئەو شەڕەی کە لە ئێستادا هەڵگیرساوە ئاکامی دەیان ساڵ ‏سیاسەتی زێدەخوازیی ڕێژیم، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە، پاڵپشتیی ‏تێرۆریزمی دەوڵەتی، پێداگری لەسەر دەسخستنی بۆمبی ئەتوم و پێشخستنی ‏پیشەسازیی مووشەکی، دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی جیهانی و ‏پێمل‌نەبوونی ڕێژیم بە ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکانە؛ سیاسەتێک کە دواجار هەم ‏ئێرانی کردە وڵاتێکی وێران بە ئابوورییەکی داڕماو و هەم ڕێژیمەکەشی بەرەو ‏ڕووخان برد. کوژرانی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم و دەیان فەرماندەی نیزامی و ‏کاربەدەستی سیاسیی ئەم ڕێژیمەش دۆمێنۆی ئەو ڕووخانەی خێراتر کردووە.‏

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ کە ئەم شەڕە، شەڕی ‏کۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەکانی ئەم وڵاتەلەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل و کۆمەڵگەی ‏جیهانی نییە، بگرە ئەوەڕێژیمی دیکتاتۆر و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییە کە ‏هەموو خەڵکی وڵاتی بەبارمتە گرتووە، هەموو ماف و ئازادییەکی لێ زەوت کردوون ‏و هەر لە بەفرانباری ئەمساڵدا هەزاران کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیو و مافخوازی ئێرانی ‏کۆمەڵکوژ کرد. لە ئێستاشدا کە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم ‏چارەنووسسازترین ڕۆژەکانی خۆیان‌دان، ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داوا ‏دەکەین:‏

‏١) خەڵکی کوردستان پێ‌بەپێی ڕەوتی رووداوەکان پێویستە لەسەر هەست بن و ‏وشیارانە بەرەوڕووی پێشهاتەکان ببنەوە و هەلسووکەوتی سیاسیی خۆیان لەگەڵ داوا ‏و ڕاسپاردەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕێک‌بخەن و ئەم ‏هەماهەنگی و پێوەندییە زیندوو و بەرهەمدار بکەن.‏

‏٢) لە ڕۆژانی بەچۆکداهاتنی ڕێژیم و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکدا پێویستە ‏سەرجەم بنکە و دامودەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەکان لەپێناو بەرژەوەندی و ‏پێداویستییەکانی گشتیدا بپارێزرێن.‏

‏٣) داوا لە هێزە چەکدارەکان ڕێژیم لە کوردستان دەکەین ڕیزی خۆیان لە ‏پاشماوەکانی کۆماری ئیسلامی جیا کەنەوە. پێیان ڕادەگەیەنین وا باشە ئەم دوا ‏دەرفەتە بۆ پشت‌تێکردن لە دوژمن و هەڵبژاردنی بەرەی نەتەوەکەیان لەکیس ‏خۆیان نەدەن.‏

‏٤) پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان بە ژیری و پێگەیشتووییەوە بەرەوڕووی ‏گۆڕانکارییەکان بچن و خۆ لە هەڵەشەیی و تۆڵەسەندنەوەی تاکەکەسی کە زیان بە ‏ئەمنییەت و پاراستنی گشتیی کۆمەڵگە دەگەیەنێ بپارێزن.‏

‏٥) داوا دەکەین لەپێناو پارێزراوبوونی زیاتردا چەندی دەتوانن لە بنکە و ناوەندە ‏سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ڕیژیم دوور بکەونەوە.‏

‏٦) داوا دەکەین لە ڕۆژانی سەختی بەردەمماندا خەڵکەکەمانبەتایبەت توێژی بازاڕ ‏و دووکاندار و خاوەن‌ماڵەکان زیاتر لە هەرکاتێک ئاگاداری یەکتری بەتایبەت خەڵکی ‏کرێچی، هەژار و بێ‌ئەنوا بن و بە دەسگرۆیی یەکتر ئەو ڕۆژە سەخت و دژوارانە ‏تێپەڕینین.‏

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکاندا ‏سیاسەت و بەرنامەکانی لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوەکانی دیکی خۆیەوە بڵاو دەکاتەوە.‏

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
‏١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی