هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆسەر ئێران و وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتە ناوچەکەی خستەسەر ئاگر
پەرەگراف- هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆسەر ئێران بەیانیی ئەمڕۆ دەستی پێکرد، شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی و سەرۆکایەتی کۆماری ئێران و چەندین وەزارەت کراونەتە ئامانج.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، قۆناغی یەکەمی هێرشەکە ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تەواوی ڕژێمی ئێران ئامانجی هێرشەکەیە بە خودی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای وڵاتەکەشەوە.
لەناوخۆی ئیسرائیلیش ئامادەکاریی کراوەو قوتابخانەکان داخران و داوا لە خەڵک کرا بچنە پەناگەکان بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران و موشەکبارانکردنی ئیسرائیل.
جگە لە تاران، ئەسفەهان، کەرەج، کرماشان و قوم و تەبرێز کراونەتە ئامانج.
ئاسمانی ئێران بە تەواوەتی داخراو بەهەمانشێوە عێراقیش ئاسمانی وڵاتەکەی داخست.
ئێران لە کاردانەوەدا بنکەکانی ئەمەریکای لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە کردە ئامانج و کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێرو بنکەیەکی ئەمەریکییەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر مووشەکباران کران بەڵام سیستمی بەرگریی ئاسمانی وەڵامی دانەوەو زیانەکان دیارنییە، ئێران لەم وڵاتانە بنکەکانی ئەمەریکای کردە ئامانج؛ بەحرەین، کوەیت، سعودیە، ئەردەن، ئیمارات و قەتەر.
هاوکات حەشدی شەعبی لە جورفلسەخری بابل کرایەئامانج و کوژراو و برینداریان هەیە.
دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم لێدوانی دوای دەستپێکردنی هێرشکردنەسەر ئێران ڕایگەیاند، هێرشی فراوان بۆسەر ئێران دەستی پێکردو ئامانجمان لەناوبردنی هەڕەشەکانی ئێران و بەرگریکردن لە خەڵکی ئەمەریکایە، ڕژێمی ئێران گروپێک کەسی زۆر دڵڕەق و خراپن.
ترەمپ داوای چەکدانانی لە سوپای پاسداران و تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە کرد.
ترەمپ بۆ سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکان وتی: چەک دابنێن دەتان پارێزین، ئەگەر نا مەرگ چاوەڕێتانە.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕوو بە خەڵکی ئێرانیش وتی: ئازادیی لە ڕێگەیەو لە ماڵەکانتان بمێننەوە، کە دەستمان بەسەر حکومەتەکەتاندا گرت ڕادەستی ئێوەی دەکەین.