خواستی ئێران جیاكردنەوەی دۆسیە ئەتۆمی و نائەتۆمییەكانە؛ ئەمریكا بە ڕێككەوتنێكی وا ڕازی دەبێت؟
پەرەگراف - خولی سێیەمی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە ڤیەننا كۆتایی هات. ئێران باس لە "بەرەوپێشچوونی زیاتر" دەكات و بوونی "بۆچوونی جیاواز"ـیش ناشارێتەوە. ئەمریكا كە كۆبوونەوەكانی تاقی بەیانی "نائومێدكەر" بوون بۆی، تاقی ئێوارە دەڵێت "دانوستانەكان ئەرێنی بوون". پێشنیازى هەردوو لا دەربارەى دۆسیەى ئەتۆمى خرایە ڕوو و خواستی تاران جیاكردنەوەی دۆسیە ئەتۆمییەكان لە دۆسیە نائەتۆمییەكانە.
ئەم خولەی دانوستانە ئەتۆمییەكان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦-٠٢-٢٠٢٦ بەڕێوە چوون و زیاتر لە شەش كاتژمێری خایاند. عەباس عێراقچی، سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئێران، بە یەكێك لە "درێژترین، جیددیترین و باشترین" دانوستانەكان وەسفی دەكات.
هاوشێوەی خولەكانی پێشتر، دانوستانەكان ناڕاستەوخۆ بوون و ئاڵوگۆڕی ڕا و بۆچوونەكان لە ڕێگەی بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانەوە بوو. بەڵام ئەمجارە، ڕافایل گرووسی، بەڕێوەبەری ئاژنسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە هەمان ڕۆڵ بەشدار بوو.
دانوستانەكان بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە دەستی پێ كرد و چوار كاتژمێر بەردەوام بوو، دواتر لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ درێژەیان هەبوو و زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاند.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆكی شاندی ئەو وڵاتە، دوای دانوستانەكان بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی دوا و هاوشێوەی خولەكانی پێشوو ڕایگەیاند كە "بەرەوپێچوونی باش" هەبووە.
"هەردوو لا زیاتر لە ڕابردوو جیددی بوون بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەك. زۆر بەجیددی چووینە ناو بڕگەكانی ڕێككەوتنێك لە هەردوو بواری ئەتۆمی و سزاكان"، عێراقچی وای وت.
عەباس عێراقچی نەیشاردەوە كە سەرباری "لێكتێگەیشتنی زۆر" لەسەر بەشێك لە بابەتەكان، بەڵام دەربارەی هەندێك بابەتی دیكە "بۆچوونی جیاواز"ـیان هەیە.
بڕیارە تیمە تەكنیكییەكانی هەردوو لا، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە بارەگای ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤیەننا، دەست بە "ڕێكارە تەكنیكییەكان" بكەن. كە ئامانج لێی ئەوەیە "بە هاوكاریی شارەزایانی ئاژانسەكە، لەبارەی هەندێك بایەتی تەكنیكیی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە چوارچێوەیەك دابڕێژن"، كە دواتر بۆ ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان ئێران و ئەمریكا پێویست دەبن.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "بەزوویی و لە ماوەی یەك هەفتەی ئایندەدا، خولێكی دیكەی دانوستانەكان بەڕێوە دەچێت".
"دوای پێشكەوتنێكی بەرچاو لە دانوستانەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران، كۆتاییمان بەم ڕۆژە هێنا"، ئەمە قسەی بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانە لەدوای كۆتاییهاتنی دانوستانەكانی ڕۆژی پێنجشەممە.
بوسەعیدی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، دەشڵێت "بەزوویی و دوای ئەنجامدانی ڕاوێژ لە پایتەختەكان، دانوستانەكان دەست پێ دەكەینەوە". ئەمیش جەخت دەكاتەوە كە "گفتوگۆكان لەسەر ئاستی تەكنیكی، هەفتەی داهاتوو لە ڤیەننا بەڕێوە دەچن".
ئێران چیی دەوێت و ئەمریکا چی دەڵێت؟
ئێران خوازیاری جیاكردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمییە لە دۆسیەكانی دیكە، بەتایبەت بەرنامەی مووشەكی، كە تاران بە هێڵی سووری بەرگریی خۆی دەزانێت.
بەرپرسێكی باڵای ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وتووە "ئەگەر واشنتۆن بابەتە ئەتۆمی و نائەتۆمییەكان لە یەك جیا بكاتەوە، ئێران و ئەمریكا دەتوانن بگەنە چوارچێوەیەك بۆ ڕێككەوتن".
تا ئێستا، ئەمریكا پرسی مووشەكی بالیستیی ئێران بە هەڕەشەیەك بۆ سەر پێگەكانی خۆی و بەرژەوەندییەكانی و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا ناو دەبات، سوورە لەسەر ئەوەی كە بەشێك بێت لەو ڕێككەوتنەی كە دەیەوێت لەگەڵ ئێران ئەنجامی بدات.
هێرش و هەڕەشە مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وای كردووە ئەمریكا سوور بێت لەسەر كۆنترۆڵكردنی توانای مووشەكیی ئێران، بە جۆرێك كە نەبێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر تەلئەبیب. سازشكردنی ئەمریكا لەم پرسەدا، تا ئێستا چاوەڕواننەكراوە.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە، واتە یەک ڕۆژ بەر لە خولی سێیەمی دانوستانەکان، مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و توانا دەریاییەکانی، بە "هەڕەشەی جیددی" بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا ناو برد.
ڕۆبیۆ وتیشی "ئێران خۆی لە گفتوگۆ دەربارەی مووشەکە بالیستییەکانی لا دەدات و ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە".
دۆسیەى ئەتۆمى
لەسەر دۆسیەى ئەتۆمى و پیتاندنى یۆرانیۆمیش، ئەمریکا و ئێران بۆچوونى جیاوازیان هەیە، بەڵام گەیشتن بە خاڵێکى هاوبەش لەم پرسەدا، بە دوور نازانرێت.
بەرپرسێكی ئێرانی بە کەناڵى جەزیرەی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەى بیرۆكەی وازهێنانی هەمیشەیی لە پیتاندنی یۆرانیۆم، هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەكان و بردنی یۆرانیۆمی کۆگاکراوى بۆ دەرەوەی وڵات، ڕەت كردووەتەوە. ئەو بەرپرسە دەشڵێت "پێشنیازی ئێران بریتییە لە كەمكردنەوەی پاشەكەوتی یۆرانیۆم و ئاستێكی نزمی پیتاندن لەژێر چاودێريی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا".
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش ئەوەى پشتڕاست کردووەتەوە کە شاندى ئەمریكا داواکاریی "هەڵوەشاندنەوەی هەر سێ بنكە ئەتۆمییە سەرەكییەكەی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان"ـى خستووەتە بەردەم شاندى ئێران. هەروەها ڕادەستکردنى هەموو پاشەكەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران كە نزیكەی ١٠ هەزار كیلۆگرامە، داواکارییەکى دیکەى ئەمریکایە.
هەروەها ئەمریکا جەختى کردووەتەوە کە "هەر ڕێككەوتنێكی نوێ، دەبێت هەمیشەیی بێت".
ئەمریكا بێهیوایە یان گەشبینە؟
دوای كۆتاییهاتنی خولی سێیەمی دانوستانەكان، هێشتا هیچ لێدوانێكی فەرمی لە ئەمریكاوە دەربارەی ئەنجامەكەی نەدراوە.
ماڵپەڕی هەواڵیی ئاكسیۆسی ئەمریكی لە زارى سەرچاوەیەکى ئاگادرەوە بڵاوی كردەوە كە "هەڵوێستەكانی شاندی ئێران لە كۆبوونەوەكانی تاقی بەیانیدا، ستیڤ ویتكۆف و جارید كۆشنەر (شاندی ئەمریكا بۆ دانوستانەكان)ـی بێهیوا كردووە".
بەڵام هەر ئەو ماڵپەڕە لە دوای كۆتاییهاتنی دانوستانەكان لە ئێوارەی پێنجشەممەدا، لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاوە بڵاوی كردەوە كە "دانوستانەكان ئەرێنی بوون"، بەبێ ئەوەى زانیاریى زیاتر بدات.
هێشتا بژاردەى سەربازى بەهێزە
سەربارى هەموو هەوڵە دیبلۆماسییەکان و جەختکردنەوەى هەردوو لا لەسەر ڕێککەوتن و چارەسەرى ئاشتییانە، بەڵام مەترسیى شەڕ نەڕەویوەتەوە و ئەمریکا لە ئامادەکارییە سەربازییەکانى بەردەوامە.
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد، کە گەورەترین کەشتیی جەنگیی جیهانە، لە جووڵەکەى بەرەو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەردەوامە و لە نوێترین پێشتادا بنکەی دەریایی (کریت)ـی لە یۆنان جێهێشتووە.
هێنانى کەشتیگەلى گەورەى جەنگى و سەدان فڕۆەکەى پێشکەوتوو، ئاماژەى ڕوونن کە بژاردەى سەربازیش لە دیبلۆماسى کەمتر نییە، بەتایبەت کە لەدواى شەڕى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى عێراق لە ساڵى ٢٠٠٣، ئەمە یەکەم جارە ئەمریکا هێزێکى هێندە گەورە لە ناوچەکەدا بڵاوە پێ بکات.