ناوەرۆکى کۆبوونەوەى سوودانى و باراک؛ 'عێراقێکى خاوەن سەروەری کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دیدگای ترەمپ بۆ ناوچەکە'
پەرەگراف - تۆم باراک لە سەردانەکەى بۆ بەغداد، پەیامى سەرۆکى ئەمریکاى گەیاندووەتە سوودانى. "عێراقێکى خاوەن سەروەری و سەقامگیر و گەشەسەندوو، کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دیدگا و پلانەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا"، ئەمە قسەى باراکە لەبارەى تەوەرى دیدارەکەى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق.
تۆم باراک، باڵیۆزى ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، کە ئێستا مەلەفى عێراقیشى کەوتووەتە دەست، ئەمڕۆ لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس، کۆبوونەوەکەى دوێنێى لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بە "بەرهەمدار" وەسف دەکات.
نوێنەرەکەى ئەمریکا، "بوونی سەرکردایەتییەکی کاریگەر" کە لە ئاست سیاسەت و پێشخستنى سەقامگیریی عێراقدا بێت، بە "کلیلى ئامانجە هاوبەشەکان"ـى ئەمریکا و عێراق ناو دەبات.
کۆبوونەوەکەى باراک و سوودانى، دوێنێ 22-02-2026 لە بەغداد بەڕێوەچوو. نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەربارەى ناوەرۆکى کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند "بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا و گرنگیی پەنابردنە بەر گفتوگۆ و ڕێکارە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان".
وەکوو نووسینگەکەى دەڵێت، سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر "پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە قووڵەکان لە ڕێگەی دانانی چارەسەری ڕیشەیی بۆ هۆکارەکانیان. هەروەها ڕێگریکردن لە دەستدرێژی و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە".
دوایین زانیارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمریکا لەسەر ڤیتۆکەى دژى نوورى مالیکى سوورە و دیاریکردنى کاندیدێکى نوىَ بۆ سەرۆکوەزیرانى عێراق کە لە ئاست پێویستییەکانى ناوچەکەدا بێت، داواکاریى واشنتۆنە لە بەغداد.
دواى بێهیوابوون لە گۆڕانکارى لە سیاسیەتى ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت نوورى مالیکى بەزوویى لە کاندیدى بکشێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژى داهاتوودا لایەنە شیعەکان پرسى کاندیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق یەکلا بکەنەوە، هەرچەندە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکى نوىَ، ئاڵنگارییەکى دیکەى نێوماڵى شیعەیە و ململانێى زۆر لەوبارەوە هەن.