پەرەگراف- مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق کردو پێکەوە هاوڕان کە دەبێت عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەكەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە ئەمەریكا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا.
"هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی خوازیاری شەراكەتی ستراتیژییە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستانە و پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بەرژەوەندییەكانی لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی تر بێت بۆ ئەوەی ئەمەریكا بتوانێ پەرە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ عێراق بدات".
هەر لەو دیدارەدا بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەمیشە خوازیاری ئەوە بوون لە عێراقدا یاسا و دەستوور باڵادەست بن و هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بنەمای سەرەكیی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بێت، "بە گرنگیشی زانی لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا ڕەچاوی ئەو سێ بنەمایە بكرێن و دەستوور جێبەجێ بكرێت و كۆتایی بەو مامەڵە نابەجێیە بهێندرێت كە لەگەڵ گەلی كوردستان لەسەر بابەتی بودجە و بابەتەكانی تر دەكرێت".
"بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت. بارودۆخی سووریا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوون" بەپێی بارەگای بارزانی.