دووەم کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید؛ یەکێتی و نەوەی نوێ ڕێککەوتنەکەیان دەنووسنەوە

17-02-2026 01:57

پەرەگراف- ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی بۆ دووەمجار سەردانی شاسوار عەبدولواحیدی کردو لەسەر ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حیزب بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە، یەکێتی و نەوەی نوێ ڕێککەوتنەکەیان دەنووسنەوەو دوو بژاردە دەخەنە بەردەم پارتی.

لەدوای كۆبونەوەکە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ڕایگەیاند، ڕۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەی دیكەیان دەبێت لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و تا هەفتەی داهاتوو ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی دەنوسرێتەوە، ڕێککەوتنەکەش گشتگیرە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەشی خستەڕوو، ڕێککەوتنیان لەگەل یەکێتی لەسەر شێوازی حکومڕانییەو بافڵ تاڵەبانی "زۆر جدی بوو لە ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ یەکێتی"، شاسوار عەبدولواحید جەختی لە هاوسەنگی لە دابەشکردنی پۆستە باڵاکان لەگەڵ پارتی کردەوەو وتیشی "ئێمە دوو بژاردەمان دیاریکردووە یەکێکیان سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک وەزارەتەو ئەوەی دیکەیان سەرۆکی هەرێم و ژمارەیەک وەزارەتە، پارتی کامیانی دەوێت با هەڵیبژێرێت".

شاسوار عەبدولواحید جەحتی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنەکەیان بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگییەو لە بەرژەوەندیی خەڵکەو بەناوی ٣٨ بۆ ٤٠ کورسی پەرلەمانەوە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەکەن، "لەگەڵ ئەوەداین کە پارتی داوای دەکات بۆ ڕێکخستنی ناوماڵی کوردی، بە مەرجێک دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهایان بۆ بگەڕێنینەوەو بەهێز بکرێن".