کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار 'ئەمڕۆ ناکرێت'

01-02-2026 10:31

پەرەگراف- لەگەڵئەوەی ئەمڕۆ وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و دواین وادەی دەستوورییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ ئەنجام نادرێت، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییەکانی ناوماڵی کوردو شیعەو ڕەتکردنەوەی نوری مالیکی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگادار لە بەغداد بە پەرەگرافی وت، پارتی و یەکێتی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆککۆمار کە پشکی کوردە، لایەنە شیعەکانیش لەگەڵئەوەی خۆیان کێشەیان لەسەر سەرۆکوەزیران هەیە، بەڵام تۆپەکەیان خستووەتە گۆڕەپانی کوردو دەڵێن: ئەگەر هەر لایەک لە پارتی یان یەکێتی نەچێتە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەوانیش ناچن، بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختەی پارتی و یەکێتیش لە نێوان خۆیان یاخود لەگەڵ شیعەکان کە زۆرینەی پەرلەمانن بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکە، دوو حیزبە کوردییەکە ناچنە کۆبوونەوەی پەرلەمان و "کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ ناکرێت".

بە وتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف، ئەگەر شیعەکان خۆیان کێشەیان نەبوایە لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە دەکراو سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرا، بەڵام ناکرێت تا ئەوان سەرۆکوەزیران یەکلایی دەکەنەوە، چونکە لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ڕاستەوخۆ دەبێت کاندیدی سەرۆکوەزیران ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، "ئێستا ناوماڵی شیعە ئاڵۆزەو کێشەیان هەیە، مالیکی بگۆڕن بە کەسێکی دیکە وەک شکست و عەیبە سەیری دەکەن، نەیشی گۆڕن بۆ عێراق کێشەیە بەهۆی ڕەتکردنەوەی ترەمپەوە عێراق تووشی قەیرانی زۆر گەورە دەبێت ئەگەر ئەمەریکا مامەڵەی لەگەڵدا نەکات".

هەرلەسەر هەمان پرس، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، ئەمڕۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوەو چاوەڕێن شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بێنە هەولێر بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئەو دوو پرسە.

بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، بڕیاربوو دانیشتنەکە کاتژمێر ١١ـی بەیانی دەست پێ بکات، بەڵام کاتژمێرێک تێپەڕبووەو هێشتا دەستی پێنەکردووە.

دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ڕۆژى سێشەممەى ڕابردوو ٢٧-٠١-٢٠٢٦، لەسەر داواى فراکسیۆنەکانى یەکێتى و پارتى دواخرا، بە پاساوى ئەوەى دەرفەتیان پێ بدرێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکى هاوبەش، کە ئەوە داواکاریى لایەنە شیعەکانى عێراقیشە لە کورد.

لاى خۆیشیەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، جەخت لە پێویستیی پابەندبوونی تەواو بە وادە دەستوورییەكان دەكاتەوە بۆ هەڵبژاردن و دیاریكردنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران. هۆشداریش دەدات كە هەر لادانێك لەو وادانە، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی سیاسی و پڕۆسەی دیموكراسی لە وڵاتدا.