ساڤایا دوورخرایەوە و ڕەنگە ئەركەكەی بە باراك بسپێردرێت

01-02-2026 09:35

پەرەگراف - چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕایانگەیاند، مارك ساڤایا كە لە مانگی ‏تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە وەك نێردەی تایبەت بۆ كاروباری عێراق ‏دەستنیشان كرابوو، چیتر لەو پۆستەدا نەماوە.‏

دوورخستنەوەی ساڤایا لە كاتێكدایە كە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن و بەغداد لەسەر ‏كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەرەو گرژی دەچێت، بەتایبەت كە ‏شەوی ڕابردوو زۆرینەی لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ‌ گوێدان بە ‏هۆشدارییەكانی دۆناڵد ترەمپ، سووربوونی خۆی لەسەر كاندیدكردنی نووری دووپان كردەوە.‏

بەپێی لێدوانی بەرپرسێكی باڵای عێراق بۆ ڕۆیتەرز، پێدەچێت تۆم باراك، باڵیۆزی ئەمریكا لە ‏توركیا و نێردەی تایبەت بۆ كاروباری سووریا، دۆسیەی عێراقیش لە وەزارەتی دەرەوە بگرێتە ‏ئەستۆ، كە لەم ماوەیەدا دوو جاریش سەردانی هەولێر كردووە.‏

ساڤایا كە بازرگانێكی مەسیحیی عێراقی-ئەمریكییە، یەكێك بوو لەو كەمینە عەرەبانەی كە ‏ترەمپ لە پۆستە باڵاكانی ئیدارەكەیدا دایمەزراندبوو.‏

هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە هۆكاری دووركەوتنەوەی ساڤایا چی بووە، بەڵام یەكێك لە ‏سەرچاوەكانی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە كردووە كە ساڤایا لە هەندێك دۆسیەی هەستیاردا ‏‏"سەركەوتوو نەبووە"، لەوانەش شكستهێنان لە ڕێگریكردن لە كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ ‏پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق.‏

نوێ‌ دەكرێتەوە...‏