پارتەکانی ڕۆژئاوا بە یەک دەنگ پاڵپشتیى ڕێککەوتنەکە دەکەن و داواى چارەسەریى دەستووریى کێشەى کورد دەکەن
پەرەگراف - 39 پارت و لایەنی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا كە زۆرینەیان پارتە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستانن، پاڵپشتییان بۆ ڕێككەوتنی هەسەدە و دیمەشق ڕاگەیاند و بە "مێژوویی و دەسپێكێكی ڕاستەقینەیە بۆ بونیادنانی سووریایەكی دیموكراتی فرەڕەنگ" ناوی دەبن. جەخت دەكەنەوە كە "دەبێت مافی هەموو پێكهاتەكان لە دەستووردا بچەسپێنرێت" و دەشڵێن "هەر دڵۆپە خوێنێك كە بڕژێت، زیانە بۆ تەواوی سووریا، پاراستنی ژیان و كەرامەتی سوورییەكان باڵاترین ئەركە كە دەبێت هەموومان كۆبكاتەوە".
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK)، پارتی یەكێتیی دیموكرات (PYD)، پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا، لە سەرەكیترین ئەو لایەن و پارتانەن كە واژوویان لەسەر بەیاننامەیەكی هاوبەش كردووە و تێیدا دەڵێن "پاڵپشتیی خۆمان بۆ ئەو ڕێككەوتنە دەردەبڕین كە لەنێوان حكومەتی كاتیی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكراتدا واژوو كراوە، كە هەنگاوێكی مێژوویی و یەكلاكەرەوەیە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ".
ئەو پارتانە ڕایدەگەیەنن "ڕێككەوتنەكە بەو خاڵانەی كە پەیوەستن بە ئاگربەستی دەستبەجێ، كشانەوەی هێزەكان لە خاڵەكانی بەریەككەوتن، دەسپێكردنی پڕۆسەی تێكەڵكردنەوەی زنجیرەیی هێزە سەربازی و ئەمنی و كارگێڕییەكان، جێگیركردنی فەرمانبەرانی شارستانی، داننان بە بەڵگەنامە پەروەردەییەكانی دەرچووی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و زامنكردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان، چوارچێوەیەكی كردەیی و واقیعییە بۆ كۆتاییهێنان بە لێكترازان و بەهێزكردنی هەماهەنگیی نیشتمانی".
ئەو پارت و لایەنانە، ڕێككەوتنەكە بە "دەسپێكێكی ڕاستەقینە بۆ ڕێڕەوێكی سیاسیی گشتگیر" ناو دەبەن، كە بەرەو بونیادنانی سووریایەكی دیموكراتی فرەڕەنگ دەچێت و مافی هەموو پێكهاتەكانی گەلی سووریا لەسەر بنەمای "دادپەروەری و ئازادی" دەپارێزێت.
"چارەسەركردنی كێشەی كورد وەكوو بەشێكی ڕەسەن لە كێشەكانی نیشتمانی سووریا، دۆزێكی خەباتی سیاسی و مافی ڕەوایە و دەبێت لە دەستوورێكی هەمیشەیی سووریای نوێدا بچەسپێنرێت، كە تێیدا دان بە فرەچەشنیی كولتووری، زمانی و نەتەوەییدا بنرێت و بەشداریی كارای هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا گەرەنتی بكات"، ئەو لایەنانە وا دەڵێن.
هەروەها ڕێككەوتنەكە بە "هەنگاوی یەكەمی پێویست بەرەو كۆنگرەیەكی دیالۆگی نیشتمانیی گشتگیر كە هەموو هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی سووریا كۆبكاتەوە" دەزانن، لەپێناو نەخشاندنی داهاتووی وڵات لەسەر بنەمای "دیموكراسییەكی ناناوەندی كە یەكپارچەیی سووریا بپارێزێت و ڕێگە بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و بووژانەوە بكاتەوە".
ئەو 39 پارت و لایەنە داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەن "پابەندی تەواوی بەندەكانی ڕێككەوتنەكە بن، متمانەی یەكتر بەهێز بكەن، بە جیدی كار بكەن بۆ جێبەجێكردنی لە زووترین كاتدا".
هەروەها داوا لە هەموو سوورییەكان لە ناوخۆ و دەرەوە دەكەن، كە پاڵپشتی ئەم "ڕێڕەوە مێژووییە" بن و بەشدار بن لە بونیادنانی ئەو سووریا نوێیەی هەموومان هیوای بۆ دەخوازن، "سووریایەكی ئازاد، دیموكرات و گەشەسەندوو".
ناوی ئەو حیزب و لایەنانەی بەیاننامەكەیان واژوو كردووە:
١- كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK).
٢- پارتی یەكێتیی دیموكرات (PYD).
٣- پارتی سەوزی دیموكرات.
٤- پارتی ئاشتیی دیموكراتی كوردستان.
٥- پارتی لیبراڵی كوردی لە سووریا.
٦- حیزبی شیوعیی كوردستان.
٧- پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا.
٨- پارتی دیموكراتی كوردی سووری.
٩- پارتی چەپی كوردی لە سووریا.
١٠- پارتی چەپی دیموكراتی كوردی لە سووریا.
١١- پارتی سووریای ئایندە.
١٢- پارتی گۆڕانی دیموكراتی كوردستان.
١٣- بزووتنەوەی نوێبوونەوەی كوردستان.
١٤- یەكێتیی ڕەنجدەرانی كوردستان.
١٥- دەستەی نیشتمانیی عەرەبی.
١٦- پارتی مۆدێرنیتە و دیموكراسی بۆ سووریا.
١٧- پارتی تەبایی (وەفاق)ی دیموكراتی كوردی سووری.
١٨- بزووتنەوەی چاكسازی - سووریا.
١٩- پارتی دیموكراتی ئاشووری.
٢٠- پارتی برایەتیی كوردستان.
٢١- پارتی ڕۆژی دیموكراتی كوردی لە سووریا.
٢٢- بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (تەڤ-دەم).
٢٣- كۆنگرەی ستار.
٢٤- پارتی پارێزگاران.
٢٥- پارتی تێكۆشانی دیموكرات.
٢٦- ڕەوتی ئایندەی كوردستان.
٢٧- پارتی دیموكراتی كوردستان - ڕۆژئاوای كوردستان.
٢٨- بزووتنەوەی گۆڕانی دیموكرات.
٢٩- پارتی یەكێتیی سریانی.
٣٠- پارتی كۆبوونەوەی نیشتمانیی كوردستان.
٣١- پارتی دیموكراتی كوردی لە سووریا (ئەلبارتی).
٣٢- پارتی یەكێتیی دیموكراتی كوردی لە سووریا (یەكێتی).
٣٣- پارتی چەپی شۆڕشگێڕ لە سووریا.
٣٤- پارتی سۆرایا (حزب سورایا).
٣٥- پارتی پارێزگارانی كوردستان.
٣٦- پارتی گردبوونەوەی سووریی دیموكرات.
٣٧- ڕەوتی چاكسازیی سووری.
٣٨- پارتی گەشەپێدان و بونیادنانی سووری.
٣٩- یەكێتیی ئەرمەنی.