چوارچێوەی هەماهەنگی گوێى بە هۆشدارییەکەى ترەمپ نەدا و مالیکى هێشتەوە؛ عەممار حەکیم بەشداریى کۆبوونەوەکەى نەکرد
پەرەگراف - چوارچێوەی هەماهەنگی گوێى بە هۆشدارى و پەیامە توندەکەى ترەمپ نەدا و سووربوونی خۆی لەسەر كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەركوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند. چوارچێوەکە دەڵێت "هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، پرسێكی دەستووریی تەواو عێراقییە، بەپێی میكانیزمەكانی پرۆسەی سیاسی بەڕێوە دەچێت و بەرژەوەندیی نیشتمانیی تێدا ڕەچاو دەكرێت، بەدوور لە سەپاندنی دەرەكی".
چوارچێوەی هەماهەنگی پاش کۆبوونەوەى ئەم ئێوارەى لە نووسینگەى نوورى مالیکى کە عەممار حەکیم بەشداریى تێدا نەکرد، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "چوارچێوەی هەماهەنگی جارێکی دیکە جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە کاندیدەکەی، بەڕێز نووری کامیل مالیکی، بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران کردەوە".
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە پەرۆشیی خۆی کردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییە کاراکان؛ پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی بنیات نرابێت".
"چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و توانای بەڕێوەبردنی شایستە سیاسییەکانی هەیە بەپێی دەستوور و ئیرادەی نوێنەرانی گەلەکەی"، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.
لە کۆتاییدا چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە "گرنگی ڕێزگرتن لە وادە دەستوورییەکان و پابەندبوون پێیانەوە" کردووەتەوە و داوای لە هەمووان کردووە زۆرترین هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرگەلێک کە جێگەی ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکان بێت.
عەمار حەکیم، سەرۆکى ڕەوتى حیکمەى نیشتمانى و سەرکردەى دیارى شیعە، بەشداریى کۆبوونەوەکەى چوارچێوەى هەماهەنگیى نەکرد و لە پەیامێکدا سەرباری دەربڕینی "نیگەرانیی قووڵ" بەرانبەر پەیامە توندەكەی ترەمپ دژی مالیكی، بەڵام هاوكات هۆشداری دەدات لەوەی "ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی لێكەوتەی ئابووریی گەورە ببێتەوە".
سەرۆكی ڕەوتی حیكمە ڕایدەگەیەنێت "سەرەڕای ڕێز و بایەخدان بە پرەنسیپى پاراستنی سەروەریی وڵات"، بەڵام جەخت لەسەر "پێویستیی پێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتمان و گەل" دەكاتەوە، ئەوەش بە لووتكەی "ئازایەتی و بەرپرسیارێتی" ناو دەبات.