پەیامەكەی ترەمپ ماڵی شیعەی پەرت كردووە؛ عەممار حەكیم بەشداریى کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى ناکات و هۆشدارى دەدات

31-01-2026 08:32

پەرەگراف - هۆشدارییەكەی ترەمپ دەربارەی مالیكی، ڕاجیایی دەخاتە نێوماڵی شیعە. هاوكات لەگەڵ وادەی كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەبارەی كاندیدی سەرۆكوەزیرانەوە، عەممار حەكیم پەیامێك بڵاو دەكاتەوە كە ئاماژەی ڕازیبوونی بە گۆڕینی مالیكی تێدایە و بەشداریى کۆبوونەوەکەشى نەکردووە. 

عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، سەرباری دەربڕینی "نیگەرانیی قووڵ" بەرانبەر پەیامە توندەكەی ترەمپ دژی مالیكی، بەڵام هاوكات هۆشداری دەدات لەوەی "ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی لێكەوتەی ئابووریی گەورە ببێتەوە"، ئەمەش وەكوو ئاماژەیەك بۆ مەترسیی سووربوونی شیعە لەسەر مانەوەی نووری مالیكی بە كاندیدی سەرۆكوەزیران.

سەرۆكی ڕەوتی حیكمە ڕایدەگەیەنێت "سەرەڕای ڕێز و بایەخدان بە پرەنسیپى پاراستنی سەروەریی وڵات"، بەڵام جەخت لەسەر "پێویستیی پێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتمان و گەل" دەكاتەوە، ئەوەش بە لووتكەی "ئازایەتی و بەرپرسیارێتی" ناو دەبات.

پەیامەكەی عەممار حەكیم لە كاتێكدایە ئەم ئێوارە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی نووری مالیكی وەكوو كاندیدی سەرۆكوەزیران کۆبوونەوە، كۆبوونەوەكە لە ماڵی مالیكی بەڕێوە چووە و کەناڵى حەدەس دەڵێت عەممار حەکیم بەشداریى نەکردووە.

نوێ‌ دەكرێتەوە...