باسی كشانەوەی دەكرێت و خۆی ئاماژەی مانەوە دەنێرێت، دواپەیامی ترەمپ گەیشت و ئەمشەو چارەنووسی مالیكی یەکلا دەکرێتەوە

31-01-2026 03:13
وێنە: کۆبوونەوەى دوێنێى نێوان نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا و جۆشوا هاریس، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد

پەرەگراف - نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، پابەندی ئیرادەی گەلی عێراق و مافی ئەوان بۆ هەڵبژاردنی سەركردەكانیان لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەكانەوە دەبێت و پاشەكشەی لێ‌ ناكات. ئەمەش ئاماژەی پەیامی مانەوەی وەكوو كاندیدی سەرۆكوەزیران نیشان دەدات. بەڵام هاوكات هەندێك میدیا بڵاویان كردووەتەوە كە دوێنێ‌ دوایین پەیامی ترەمپ بە مالیكی گەیشتووە و بڕیاری كشانەوەی داوە. ئەمشەویش چوارچێوەی هەماهەنگی كۆدەبێتەوە و بڕیار لە چارەنووسی كاندیدەكەی دەدات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی فەرمیی "سەباح"ـی عێراقی، مالیكی ئەمڕۆ جەختیشی كردووەتەوە، "ڕێزگرتن لە دیموكراسی، پرۆسەی دەستووری و مافی گەل لە دیاریكردنی سیستەمی سیاسییان، بنەمایەكی چەسپاوە" و ئاماژەی بەوەش كردووە كە "لەسەر ئەم ڕێڕەوە بەردەوام دەبێت و پاشەكشە ناكات".

بڕیارە ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات بۆ تاوتوێكردنی پرسی بەردەوامبوونی مالیكی وەك كاندید یان كشانەوەی، ئەمەش دوای پەیامە توندەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، كە گەڕانەوەی مالیكیی بۆ سەر كورسیی دەسەڵات ڕەت كردەوە.

هەندێك میكا و لەناویشیاندا ئاژانسی هەواڵیی (خەبیرنی)ـی ئوردنی، لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسیی ئاگادار بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەی لە بڕیاری كشانەوەی خۆی لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران ئاگادار كردووەتەوە.

بە قسەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم بڕیارەی مالیكی پاش ئەوە هاتووە كە دوێنێ‌ جۆشوا هاریس، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، سەردانی كردووە و دوایین پەیامی ترەمپی پێ‌ ڕاگەیاندووە.

هاریس بە ڕایگەیاندووە، ئەمریکا دەستوەردان لە پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا ناكات، بەڵام ئەگەر مالیكی سەرۆكایەتیی بكات، بایكۆتی حكومەتەكە دەكات.

ئاژانسە ئوردنییەكە لە زاری سەرچاوەیەكەیەوە ئاماژەی بەوەش كردووە، مالیكی بە سەركردەكانی شیعەی وتووە كە "لەپێناو پاراستنی وڵات لە ئاڵۆزیی زیاتر و بۆ سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی" بڕیاری داوە لە كاندیدی بكشێتەوە.

تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی پشتڕاستی نەكردووەتەوە كە نووری مالیكی بڕیاری كشانەوەی دابێت.

ترەمپ چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هۆشداریی دابوو لە گەڕانەوەی مالیكی بۆ دەسەڵات و هەڕەشەی بڕینی پاڵپشتییەكانی ئەمریكای كرد بۆ عێراق، ڕەخنەی لە ڕۆڵی پێشووی مالیكی لە حكومەتی عێراقدا گرت؛ ئەم لێدوانانەش مشتومڕەكانی پەیوەست بە كاندیدكردنی مالیكیی توندتر كردووەتەوە.