پەرەگراف - ڕۆژى یەکشەممە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوە دەچێت و دوا وادەى دەستوورییە بۆ ئەو پرسە. تا ئێستا کورد لەسەر کاندیدێکى هاوبەش بۆ ئەو پۆستە ڕێکنەکەوتووە، هەرچەندە چەند ڕۆژێک دەرفەتى زیادەى پێ درا و ماوەکە بەرەو کۆتایى دەچێت.
ئەمشەو کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممە ٠١-٠٢-٢٠٢٦ـى پەرلەمانی عێراق بڵاو کرایەوە. بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکە لە دوو بڕگە پێک دێت و کاتژمێر ١١ـی بەیانی دەست پێ دەکات.
بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکە تایبەتە بە سوێندخواردنی ئەو پەرلەمانتارانەی هێشتا سوێندی یاساییان نەخواردووە. بڕگەی دووەمیش تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق.
پۆستى سەرۆککۆمار کە پشکی کوردە، ١٩ کاندیدى هەیە و زۆرینەیان کوردن. تا ئێستا لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی، لەسەر کاندیدێکی هاوبەش نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
دانیشتنەکە لە ڕۆژى سێشەممەى ڕابردوو ٢٧-٠١-٢٠٢٦، لەسەر داواى فراکسیۆنەکانى یەکێتى و پارتى دواخرا، بە پاساوى ئەوەى دەرفەتیان پێ بدرێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکى هاوبەش، کە ئەوە داواکاریى لایەنە شیعەکانى عێراقیشە لە کورد.
لاى خۆیشیەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، جەخت لە پێویستیی پابەندبوونی تەواو بە وادە دەستوورییەكان دەكاتەوە بۆ هەڵبژاردن و دیاریكردنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران. هۆشداریش دەدات كە هەر لادانێك لەو وادانە، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی سیاسی و پڕۆسەی دیموكراسی لە وڵاتدا.