هەسەدە دەقی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی دیمەشق بڵاو ‏كردەوە

30-01-2026 10:50

پەرەگراف - هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دەقی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی دیمەشق بڵاو ‏كردەوە. بەپێی ڕێككەوتنەكە، چوار لیوا بۆ هەسەدە دروست دەكرێت و مافە مەدەنی و ‏پەروەردەییەكانی كورد پارێزراو دەن. هەروەها دامەزراوەكانی ‏خۆسەر دەخرێنە سەر دەوڵەت و هێزەكانی ناوخۆ دەچنە ناو شارەكانی حەسەكە و ‏قامیشلۆ.‏

ناوەرۆكی دەقی ڕێككەوتنامەی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و حكومەتی سووریا

لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی گشتگیردا، بڕیار لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و تەقەكردن لە نێوان ‏حكومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات درا، لەگەڵ لێكتێگەیشتن لەسەر پڕۆسەیەكی ‏قۆناغ بە قۆناغ بۆ یەكخستن و تێكەڵكردنەوەی هێزە سەربازی و كارگێڕییەكانی هەردوولا. ‏

ڕێككەوتنەكە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت: كشانەوەی هێزە سەربازییەكان لە خاڵەكانی ‏بەریەككەوتن، چوونە ناوەوەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناوەندی ‏شارەكانی حەسەكە و قامیشلۆ، دەستپێكردنی پڕۆسەی یەكخستنی هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەكەدا، ‏پێكهێنانی فیرقەیەكی سەربازی كە سێ لیوای هێزەكانی سووریای دیموكرات لەخۆ بگرێت، ‏پێكهێنانی لیوایەكی تایبەت بە هێزەكانی كۆبانی لە چوارچێوەی فیرقەیەكی سەر بە پارێزگای ‏حەلەب. ‏

هەروەها بڕیار دراوە دامەزراوەكانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتی سووریادا ‏تێكەڵ بكرێن و فەرمانبەرە مەدەنییەكانیش لە كارەكانیان جێگیر بكرێن. لە بەشێكی تری ‏ڕێككەوتنەكەدا، جەخت لەسەر یەكلاكردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەكانی گەلی كورد و ‏گەرەنتیكردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان كراوەتەوە. ‏

ئامانجی ئەم ڕێككەوتنە یەكخستنەوەی خاكی سووریا و بەدیهێنانی پڕۆسەی تێكەڵكردنەوەی ‏تەواوەتییە لە ناوچەكەدا، ئەوەش لە ڕێگەی بەهێزكردنی هەماهەنگیی نێوان لایەنە ‏پەیوەندیدارەكان و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵات. ‏