پەیامێك لە مەسروور بارزانییەوە دەربارەی ڕووداوەكانی حەلەب

08-01-2026 12:25

پەرەگراف - سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان "نیگەرانیی قووڵ" لەبارەی "پەلاماردان"ـی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەبەوە دەردەبڕێت و بە "هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی" ناوی دەبات. دەشڵێت "دەسەڵاتی دیمەشق دەخاتە ژێر پرسیارەوە".

لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-01-2026 بڵاوی كردەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "ڕووداوەكانی حەلەب و بەئامانجگرتنی كورد لەپێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەكە و دروستكردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی كومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێڕ پرسیارەوە".

مەسروور بارزانی دەڵێت "شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتیی هیچ كێشەیەك ناكات. هیچ بیانوو و پاساوێك نابێت ڕێگە بە پاكتاوی ڕەگەزی بدات. پەلاماردانی گەڕەگە كوردنشینەكانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران كردووە".

"هیوادارین هەموو لایەك، دان بە خویاندا بگرن و ژیانی هاووڵاتییان بپارێزن و بۆ چارەسەریی كێشەكان پەنا بو دیالۆگ و گفتوگۆ ببەن. هەروەها هیوادارین سیستەمی حوكمڕانی ئێستای سووریا، لە ئاستی بەرپرسیارەتیی دەسەڵاتێكی دیموكرات و گشتگیر بۆ هەموو خەڵكی سووریا بێت"، سەرۆكی حكومەتی هەرێم وا دەڵێت.