هۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلار چییەو بانکی ناوەندیی دەستکاریی نرخی دینار دەکات؟

07-01-2026 01:36

پەرەگراف- چەند ڕۆژێکە بازاڕی دراو لە عێراق و کوردستان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەخۆوەبینیوە، ٥ی ئەم مانگە ١٠٠ دۆلار گەیشتە نزیکی ١٤٩ هەزار دینار و نرخی ئەمڕۆش ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٤٦ هەزار دینارە لە کاتێکدا نرخی فەرمی هێشتا ١٣٢ هەزارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک.

لەگەڵ ئەوەشدا، پسپۆڕانی ئابووری ئەو ئەگەرەیان ڕەتکردووەتەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە نیشانەی قەیرانێکی دارایی بن. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی سەباح کە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراقە، شارەزایان جەختیان کردووەتەوە کە ئەم ناجێگیرییانە کاتین و هەڕەشە لە سەقامگیریی گشتیی ئابووری ناکەن، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێکارانەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە گرتوویەتییە بەر.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، جووڵەکانی ئەم دواییەی نرخی ئاڵوگۆڕ کاتین و ڕەنگدانەوەی ناهاوسەنگییەکی بنەڕەتی لە ئابووری عێراقدا نین.

نەبیل عەبادی، شارەزای ئابووری، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ تێکەڵەیەک لە هۆکارە کاتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەگەڕێنێتەوەو ڕوونیکردەوە کە پشتبەستنی زۆری عێراق بە داهاتی نەوت، ئابووری وڵاتەکەی بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی نرخی جیهانیی نەوت لاواز کردووە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەرازوی پارەدان و نرخی ئاڵوگۆڕ هەیە.

عەبادی ئاماژەی بەوەش کرد کە سیاسەتە نەقدییەکان، لەگەڵ چاودێریی توندتر بەسەر فرۆشتنی دۆلاری فەرمی، بڕی خستنەڕوویان لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە کەمکردووەتەوە. ئەمەش بەشێک لە خواستەکەی بەرەو بازاڕی تەریب ئاراستە کردووە، کە ئەم ڕەوتە بەهۆی لاوازیی کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە خراپتر بووە.

هەروەها ئاماژەی بە سیستمی نوێی گومرگ و پێویستیی بەڵگەنامەی پێشوەختە لە ژێر سیستەمی (ASYCUDA)دا کرد بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆلار بە نرخی فەرمی. وتیشی کە ئەم ڕێکارانە بوونەتە هۆی پەککەوتنی هەندێک لە کارە بازرگانییەکان و وای کردووە ژمارەیەک لە بازرگانان بۆ دابینکردنی پێداویستییە بەپەلەکانیان ڕوو لە بازاڕ بکەن.

بە وتەی عەبادی، دەنگۆ و قۆستنەوەی دەرفەت زیاتر بوونەتەهۆی توندبوونی هەڵبەز و دابەزە کورتخایەنەکان، هەروەها گرژییە جیۆپۆلیتیکییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان خواستیان بۆ دراوە قورسەکان وەک پەناگەیەکی ئارام زیاد کردووە، ئەمەش بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە کاریگەری لەسەر بازاڕی ئەو وڵاتانە هەیە کە ئابوورییەکی ناسکیان هەیە.

هاوکات ئەیسەر جەبار، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق، دووپاتی دەکاتەوە کە نرخی فەرمیی ئاڵوگۆڕ لە ١,٣٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک بە جێگیری دەمێنێتەوە، دەشڵێت، بەرزبوونەوەکەی ئەم دواییە تەنها لە بازاڕی نافەرمیدایە، کە لە دەرەوەی سیستمی بانکیی ڕێپێدراو بۆ حەواڵە دەرەکییەکانە.

جەبار هۆکاری زیادبوونی نرخی دۆلار بۆ ئارەزووی هەندێک لە مامەڵەکاران بۆ دەستکەوتنی دۆلار لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکان گەڕاندەوە، لەگەڵ ئەو فشارانەی پەیوەستن بە جێبەجێکردنی ڕەسمی گومرگیی پێشوەختە. جەختیشی کردەوە کە بانکی ناوەندی بەردەوامە لە ڕێکخستنی کارەکانی حەواڵە، دابینکردنی دارایی بۆ بازرگانی و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ.