پەرەگراف - گرژی و پێكدادانەكانی نێوان ئاسایشی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب و گرووپ و هێزەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق ناوبەناو بەردەوامە. تا ئێستا بە فەرمی كوژرانی هەشت كەس لە هەردوولا و برینداربوونی دەیانی دیكە ڕاگەیەندراوە كە زۆرینەیان مەدەنین. پەیامێكی نوێی سوپای سووریا مەترسیی توندتربوون و فراوانبوونی شەڕەكەی لێ دەخوێنرێتەوە و فەرماندەی ئاسایشی گەڕەكە كوردنشینەكان جارێكی دیكە دژایەتی بۆ شەڕ و پێكدادان ڕادەگەیەنێت، بەڵام ئامادەییش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دەستدرێژییەك دووپات دەكاتەوە.
لە نوێترین ڕاگەیەندراودا، دەستەیەك بە ناوی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای عەرەبی سووریا، هەسەدە بە "ڕێكخراو" ناو دەبات و بە "ئەنجامدانی كۆمەڵكوژیی زۆر لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی" تۆمەتباری دەكات. دەشڵێت "هەموو پێگە سەربازییەكانی لەناو گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، ئامانجی سەربازی شەرعین بۆ سوپای عەرەبی سووریا".
لە ڕاگەیەندراوێكی دەستەكەدا كە بۆنی فراوانبوونی شەڕی لێ دێت و میدیای فەرمیی حكومەتی سووریا بڵاوی كردووەتەوە، هاتووە "داوا لە دانیشتوانی مەدەنیی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب دەكەین، دەستبەجێ لە پێگەكانی هێزەكانی سووریای دیموكرات دوور بكەونەوە". هەروەها دوو ڕێڕەوی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی ئەو گەڕەكانە تا كاتژمێر 03:00ـی ئێوارە ڕاگەیاندووە.
پێشتر، ئاخین نوجان، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، پەیامێكی ئاراستەی گەل و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد و وتی "هێرش دەكرێتە سەرمان و بەرگری لە خۆمان دەكەین".
ئاخین نوجان ڕایگەیاند "ئێمە خوازیاری شەڕ نیین و نامانەوێت شەڕ بكەین"، بەڵام لە هەمان كاتدا وتی "ئامادەی بەرگرین و خۆمان بۆ گەلەكەمان بەخت دەكەین".
"ورەی شەڕڤان و فەرماندەكانمان بەرزە و بریندارەكانیشمان دوای چارەسەركردنی برینەكانیان، جارێكی گەڕاونەتەوە بۆ سەنگەرەكانی خۆیان. گەلەكەمان دڵنیا دەكەینەوە كە خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێزین"، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە وا دەڵێت.
لە ئێوارەی دوێنیوە شەڕ و بۆردوومانی توند لەنێوان هێزەكانی ئاسایشی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەبە و گرووپە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی سووریا سەری هەڵداوەتەوە. هەردوولا یەكدی بە دەستپێشخەری و هەڵگیرسانەوەی شەڕ تۆمەتبار دەكەن.
بەپێی ئاماری فەرمیی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات، "لە بۆردوومان و تۆپبارانی هەڕەمەكیی هێزەكانی سەر بە حكومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، چوار كەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 30 كەس بریندار بوون كە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەتن".
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، هێزەكانی سەر بە حكومەتی سووریا تۆمەتبار دەكات بە "بێبایەخ تەماشاكردنی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و گۆڕینی ناوچەكانی نیشتەجێبوون بۆ شەڕگە".
هاوكات میدیای فەرمیی سووریا، كوژرانی چوار كەس و برینداربوونی زیاتر لە 10 كەسی لە بۆردومانەكانی هێزەكانی ئاسایشی گەڕەكەكوردییەكاندا ڕاگەیاندووە، كە بەشێكیان هاووڵاتیی مەدەنین.
ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوزی نزیك لە هەسەدە، بڵاوی كردەوە كە "نەخۆشخانەی عوسمان لە گەڕەكی ئەشرەفییە، بەهۆی بۆردومانی ڕاستەوخۆی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی كاتی سووریاوە بە تەواوی لەكار كەوتووە".
ئاژانسەكە دەشڵێت "فیرقەی حەمزات و عەمشات، لیوای سوڵتان موراد و لیوای نوورەدین زەنكی كە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی توركیا وەردەگرن، بەردەوامن لە تۆپبارانكردنی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و بەنی زەید لە حەلەب".
شەپۆلی ئاوارەبوون لە گەڕەكە كوردنشینەكان سەری هەڵداوە. سەدان خێزان لە ترسی فراوانبوونی شەڕ، ماڵەكانیان بۆ ناوچەكانی دیكەی حەلەب جێدەهێڵن.
شەڕ و پێكدادانەكان لە ئێوارەی دوێنیوە سەری هەڵداوە و تا ئێستا هیچ هەوڵێكی جیددی بۆ ڕاگرتنی نابینرێت، بە پێچەوانەوە ڕاگەیەندراوی دەستەی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای عەرەبی سووریا وای لێ دەخوێنرێتەوە ئێوارەی ئەمڕۆ شەڕەكە توندتر بێت، ئەگەر بێتو هەوڵ و پلانی بەپەلە بۆ نێوەندگیری و ڕاگرتنی شەڕ نەبێت.