ڕێكخراوی CPT: ئێران 600 كیلۆمەتر دیوار لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا دروست دەكات

27-12-2025 04:36

پەرەگراف - ڕێكخراوی CPTـی ئەمریكی ئاشكرای دەكات كە سوپای پاسدارانی ئێران "بە درێژایی 600 كیلۆمەتر" و بە قووڵیی "دوو كیلۆمەتر" لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا، "پەرژینی دیواربەندی هەستیار" دروست دەكات. پرۆسەكەش لەدوای شەڕی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل-ئێران دەستی پێ‌ كردووە.

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPTـی ئەمریكی دەڵێت "لە دوای 24ـی حوزەیران 2025 و كۆتاییهاتنی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران - ئیسرائیل، سوپای پاسدارانی ئێران دەستی كردووە بە دروستكردنی پەرژینی دیواربەندی هەستیار، بە جۆرێك بەرزیی دیوارەكە سێ‌ مەترە و ئامێری هەستیاری ئەمنیی ئاگاداركردنەوە بە درێژایی دێوارەكە جێگیر یكراون".

وەكوو كامەران عوسمان باسی دەكات، دیوارەكە لە “چیای كێلەشین لە سنووری قەزای سیدەكانەوە تا دەگات بە گوندی چەم چەقەڵ لە سنووری گەرمیان، لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا بنیات دەنرێت". تەنانەت "بەشێك لە كەرەستەی بیناسازیی ئەو دیوارەش، لە هەڵكۆڵینی شاخەكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت".

"ئێستا بەشێكی دیوارەكە لەسەر سنووری سەیران بەن و لە پشتی گوندەكانی بەهێ و شیوەگوێزان تا دەگات بە گوندی مەران لەسەر سنوری پێنجوێن - ڕۆژهەڵاتی كوردستان، تەواو بووە و بەشێكی تری دیوارەكە لە سنووری قەزای پشدەر تەواو بووە و ڕۆژانە كاركردن تیایدا بەردەوامە"، كامەران عوسمان وا دەڵێت.

ئەندامەكەی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPTـی ئەمریكی، ئەم هەنگاوەی ئێران لە كاتێكدا كە ئەو وڵاتە 151 بارەگای سەربازیی لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە و بەستنەوەی دیوارەكە بە بارەگا سەربازییەكانیەوە، بە "مەترسی بۆ سەر گیانی گوندنشینان و جووتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنیی نیشتەجێی سەر سنوورەكان" ناو دەبات.

هەروەها ڕێكخراوەكە تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە "داگیركردنی چیا و پێدەشتەكانی پشتی ئەو دیواربەندە، بە تەواوی دەبێتە دیفاكتۆ و ئەو ناوچانە دەچنە ژێر ڕكێفی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران". ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی "شەپۆلێكی تری كۆچكردن لە گوندەكانەوە بۆ ناو شارەكان و لێكهەڵبرانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتیی نێوان كوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و باشووری كوردستان".