عەبادیش چووە نێو ململانێى بەربژێرى سەرۆکوەزیران؛ شیعەکان ناتوانن یەک بەربژێر دیارى بکەن

24-12-2025 05:18

پەرەگراف - حەیدەر عەبادى، سەرۆکى هاوپەیمانیى نەسڕ، دەڵێت "یەکێکم لە بەربژێرەکان بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران، بەڵام هێشتا دیار نییە کە کێ دەبێتە بەربژێرى سەرەکى". بەم لێدوانە عەبادییش چووە نێو ململانێى پۆستى سەرۆکوەزیران و یەکلاکردنەوەى یەک بەربژێر بۆ ئەو پۆستە لەلایەن شیعەکانەوە سەختتر دەبێت.

عەبادى دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ شاندى پارتى، بۆ ڕۆژنامەنووسان دوا و جەختى کردەوە کە "لە ڕووى دەروونى و واقعییەوە ئامادەم بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە و ئەگەر پشتیوانمان بن دەکرێت شتێک بکەین".

"لە سەردەمى سەرۆکوەزیرانیى مندا، داعش کێشەى زۆر گەورەى دروست کرد و نرخى نەوتیش نیو هێندەى ئێستا بوو، سەربارى ئەوەش سەرکەوتوو بووین"، عەبادى وا دەڵێت.

سەرۆکى هاوپەیمانیى نەسڕ نایشارێتەوە کە ململانێ و ناکۆکى لەسەر بەربژێرى پۆستى سەرۆکوەزیران لەناو لایەنە شیعەکانى چوارچێوەى هەماهەنگیدا هەیە، بەڵام بە بۆچوونى ئەو "ئەمە شتێکى ئاساییە".

چوارچێوەى هەماهەنگی کە لایەنە شیعەکانى عێراق لەخۆ دەگرێت، گەورەترین کوتلەى پەرلەمانیى پێکهێناوە و پۆستى سەرۆکوەزیران بۆ ئەوان دەبێت، بەڵام ململانێى توندى نێوانیان تا ئێستا ڕێگرە لەوەى یەک بەربژێر بۆ ئەو پۆستە یەکلا بکەنەوە و چەند کۆبوونەوەیەکى چواچێوەکە لەوباریەوە بێ ئەنجام بووە.

ململانێی توند لەنێوان محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكیدایە، كە لیستەكانیان بەپێی ژمارەی كورسی براوەی یەكەم و دووەمی هەڵبژاردنن، هەرچەندە هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی سوودانی زۆر لە پێشەوەیە بە 46 كورسی، لە كاتێكدا دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی 29 كورسیی بردووەتەوە.

ماوە دەستوورییەکان بۆهەڵبژاردنى سەرۆکایەتییەکان و پێکهێنانى حکومەتى عێراق

بەپێی دەستووری عێراق، لە ڕۆژی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن ‏دادگای فیدراڵییەوە، ڕێكارەكانی كۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان ‏دەست پێ‌ دەكات و دەبێت لە ماوەی ئەوپەڕی 90 ڕۆژدا كابینەی حكومەتیش پەسەند ‏بكرێت.‏

دوای ئەوەی ڕۆژى یەكشەممە 14-12-2025، دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی ‏خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد، ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییش ئەوپەڕی ‏ماوە دەستوورییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سێ سەرۆكایەتییەكە و پێكهێنانی حكومەتی ‏ڕاگەیاند.‏

لە وێنەیەكی هێڵكاریدا كە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوی كردووەتەوە، ئەوە خراوەتە ‏ڕوو كە بەپێی ماددەی 54ـی دەستوور، لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی پەسەندكردنی ‏ئەنجامی هەڵبژاردنەوە دەست پێ‌ دەكات، پێویستە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ‏ئەنجام بدرێت و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن.‏

پاشان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ماوەی دەستووریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار خستووەتە ‏ڕوو و دەڵێت "لە ماوەی 30 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و ‏جێگرەكانیەوە دەست پێ‌ دەكات، پێویستە سەرۆككۆماریش هەڵبژێردرێت، ئەمەش بەپێی ‏‏(ماددەی 72/دووەم/ب) لە دەستوور".‏

هەنگاوی دواتر ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانە بۆ پێكهێنانی حكومەت. پێویستە لە ‏ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە دەست پێ‌ دەكات، كاندیدی ‏سەرۆكوەزیران بۆ ئەركەكەی ڕابسپێردرێت، ئەمەش بەپێی (ماددەی 76/یەكەم) لە ‏دەستوور.‏

هەنگاوی چوارەم پەسەندكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە. كە كاندیدی ‏سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیەوە 30 ڕۆژ ماوەی لەبەردەستدایە بۆ ‏ئامادەكردنی كابینە وزارییەكەی و پەسەندكردنیشی لەلایەن پەرلەمانەوە.‏

بەپێی ئەوەی ماددەكانی دەستوور دیاریی كردوون، دەبێت لە ماوەی ئەوپەڕی 90 ڕۆژدا، ‏سەرجەم ئەو ڕێكارانە تەواو بكرێن و حكومەتی نوێ‌ دەستبەكار بێت، دەشكرێت بە كەمتر ‏لەو ماوەیە بكرێت.‏