پەرەگراف - لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان درا، بەڵام چارەنووسی دوو مووچەی مانگەكانی 11 و 12 نادیارە.
بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، بەغداد ئامادە نییە ئەو دوو مووچە دواكەوتووە بنێرێت و پێی وایە بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی هەرێمدایە، هەرچی حكومەتی هەرێمیشە دەڵێت داهاتی لەبەردەستدا نییە بۆ دابەشكردنی ئەو مووچانە و بەرپرسیارێتیی ناردنی دەخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراق.
دوێنێ 22-12-2025، وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بڕی 120 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەكەم، بەشێوەی كاش خرایە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق.
سەرچاوەیەك بە پەرەگرافی وت "گرەنتیی خەرجكردنی یەك مووچەی هەرێم هەیە، بەڵام ئەم حكومەتە كاربەڕێكەرەی ئێستای عێراق ناچێتە ژێرباری دوو مووچەكەی دیكە، بەتایبەت كە چەند ڕۆژێكی ماوە بۆ كۆتایی ساڵ".